کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بێڕێزی بە نەتەوەکانی ئێران دەکات

12:21 - 15 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران، بێڕیزی بە نەتەوە بندەستەکانی خۆی لەو وڵاتەدا دەکات.

بە هۆی قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران و زۆربوونی گرانی، هەژاری و بێکاری، ڕێژیەکی زۆر لە لاوانی نەتەوە بندەستەکان ئێران بەجێ دەهێڵن، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە و خاون بڕوانامەی باڵایشن خەریکی کرێکارین، لە حاڵێکدا کرێکاریشیان دەست ناکەوێت.

لەم پەیوەندییەدا، لاوانی نەتەوەکانی کورد و بەلووچ، لە ناچاری و بۆ بژێوی ژیان و چاوەڕوان نەبوونی دەستی ڕێژیم کە وەکوو بەکرێگیراو بەکاریان بێنێت، ڕوو لە سنوورەکانی نێوان کوردستان و بەلووچستان کردووە و پیشەگەلێکی پڕمەترسی وەکوو کۆڵبەری و گواستنەوەی سووتەمەنیان هەڵبژاردووە.

سەرەڕای ئەو بارودۆخە و ئاوڕنەدانەوەی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە لە ڕێژەی بێکاری و سەرجەم کێشە و گرفتەکان لە ئێراندا، ڕۆژانە دەیان لاو بە تەقەی ڕاستەوخۆ میلیشیاکانی ڕێژیم دەکوژرێن، لاوانێک کە بە ناچاری ڕوویان لە سنوورەکانی نیشتمانی خۆیان بۆ هەڵهاتن لە دەست برسییەتی و بەدەستهێنانی داهاتێکی کەم بۆ کڕینی پێداویستییەکانی بنەماڵەکانیان ئەو پیشە پڕمەترسییانەیان هەڵبژاردووە.

وێڕای هەموو ئەو دۆخە دژوارەی ژیان لە ئێراندا، ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران، بە دروستکردنی یارییەکان، گاڵتە و بێڕێزی بە خەڵکی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە دەکات و لە یارییەکدا گاڵتەی بە لاوە کوژراوەکانی نەتەوەی بەلووچ کردووە، کە لە ڕێگای ناندا دەکوژرێن و سەریان بۆ ڕێژیم و کردەوەکانی شۆڕ نەکردووە.

لەو یارییەدا، ئەو کەسەی کە یاری دەکات، ڕۆڵی میلیشیاکانی ڕێژیم دەگێڕێت و تەقە لە ترۆمۆبیلی کاسبکارانی بەلووچ دەکات و کاسبکارەکان دەکوژێت یان دەسبەسەریان دەکات و ترۆمۆبیلەکانیشیان ئاگر تێبەر دەدات.

لەم بارەوە حیزب و ڕێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بەلووچستان، لە هەمبەر ئەو گاڵتەجاڕ و بێڕێزییەی ڕێژیم نیگەرانییان دەربڕیوە و ئاگاداری ئەوەیان داوە کە ئەو یارییە پیلانێکی مەترسیداری ڕێژیمە بە دژی نەتەوەی بەلووچ و دەبێت خەڵکی بەلووچستان بەتایبەت لاوەکان وریا و هۆشیار بن.