کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ١٢ بەرابەر زیاتر ئورانیۆم دەپیتێنت

11:52 - 22 خەزەڵوەر 2720

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی، وڵامدانەوەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ گەردیلە دۆزراوەکانی ئەتۆمی لە سایتێکی شاراوەدا جێگەی بڕوا نییە و پیتاندنی ئورانیۆم لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە ١٢ بەرابەر زیادی کردووە.

ئەم ئاژانسە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەر لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، پیتاندنی ئورانیۆمی ڕێژیمی ئێران گەیشتووەتە ٢٤٠٠ کیلۆگرەم  و ئەمە ١٢ بەرابەر لەو ڕێژەیە زیاترە کە لە ڕێککەوتنی بەرجامدا هاتووە.

ئەم ڕێژە لە ئورانیۆمی پیتێندراو بە بەراورد لەگەڵ ڕاپۆرتی پێشوو کە دوو مانگی بەسەردا تێدەپەڕێت، زیاتری کردووە.

ئاژانس باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی کەڵکی لە یارمەتییەکانی پاکستان وەرگرتووە.

لە ماوەی ڕابردوودا پشکێنەرانی ئاژانسی ئەتۆمی داوایان لە ئێران کردبوو وڵامی تەواو لەسەر چالاکییەکانی بدات بەو ئاژانسە؛ بەڵام پاش بیانووهێنانەوەیەکی زۆر ڕێژیم ئەو پاساوەی هێنایەوە کە لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە ڕێککەوتنی بەرجام، ڕێژیم چیدی دەروەست بە ناوەرۆکی ئەو ڕێککەوتنە نییە.

ڕێژیمی ئێران بە بیانووی ڕووداوی نەتەنز سانتریفیۆژی پێشکەوتووی لەژێر زەویدا دامەزراندووە.