
ڕێژیمی ئێران لە دەیەی ٨٠ی هەتاوییەوە لەلایەن ئۆرگانە پەیوەندیدارە دەوڵەتییەکانیەوە خەریکە خاک بە وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو دەفرۆشێت.
کەشتیی بارهەڵگری "کەوسەر ٥٠٠٣" لەو کەشتییانەیە کە بۆ فرۆشتنی خاک و گواستنەوەی بۆ وڵاتانی عەرەبی کەڵکی لێ وەردەگیرێت. ئەو بابەتە نوێ نییە و لە قۆناغی هەڵگرتنەوەی خاکەکە تا ناردنی، هەمووی لەژێر چاوەدێریی بەرپرسانی دەوڵەتی دەچێتە پێشەوە.
خاکی فرۆشراوی ئێران لە وڵاتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی دوورگە و دروستکردنی مووچە و مەزرا کشتوکاڵییەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت؛ هەروەها لە بواری پیشەییەوە کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بەپێی زانیارییەکان زۆربەی خاکی ئێران بە وڵاتانی "ئیمارات" و "قەتەر" دەفرۆشرێت. یەک کامیۆن خاک بە هەشت دۆلار دەفرۆشرێت. بەیار و مەزرا کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکانی باشووری ئێران وەکوو پارێزگای "فارس" لەو خاکانەن کە زۆرترین مامەڵەیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر پێ دەکرێت.
ڕێژیمی ئێران لە پێناو دەسکەوتنی پارە چەندین ساڵە خاکی ئێران بە وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو دەفرۆشێت و وڵاتانی عەرەبی لەو خاکە بۆ ئاوەدانی و دروستکردنی شوێنی کشتوکاڵی کەڵکی لێ وەردەگرن.