کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەهرەبەرداریی سیاسی لە نەخۆشیی کۆرۆنا دەکات

11:13 - 18 رەشەمه 2719

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کەمتەرخەمی و نابەرپرسیارەتیی خۆی بەنیسبەت قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆناوە دەخاتە ئەستۆی ئامریکا و ڕێکخراوە جیهانییەکان.

"محەممەدجەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئامریکا بە شێوەیەکی بوغزاوی سەرچاوە ماددییەکانی ئێمە بۆ پێشگرتن لە کۆرۆنا وشک دەکات و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە گیانی هاووڵاتییانی ئێمە لە مەترسیدایە.

هاوکات پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی'' وتوویەتی، ئامریکا شەڕی بیوتێرۆریزمی دژی ئێمە دەست پێکردووە.

لەبارەی ئەو قسانەی بەرپرسانی ڕیژیمی ئێران، "مایک ڕایان"، بەڕێوبەری بەرنامەی سڵامەت و دەرمانی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی وتوویەتی: "بەرپرسانی ئێران دەیانهەوێت بەهرەبەرداریی سیاسی لە بابەتی کۆرۆناوە بکەن. ئەوان نەبوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆیان دەخەنە ئەستۆی لایەنی دیکە".

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران بە جێگای دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاو دژی کۆرۆنا لەژێر ناوی جیاوازدا ئەو نەخۆشییەیان سەرپۆش کرد.

"حوسێن تائیب"، سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم، قەرەنتینەکردنی قومی وەک ئابڕووچوونی نیزامی ئیسلام پێناسە کرد.

لە ئێستاشدا کە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان و ئێران تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بوونە، ڕێژیمی ئێران ئامار و هەواڵێکی ڕاست بڵاو ناکاتەوە.