کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی درۆ بە لافاولێدراوان دەدات

11:40 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بەڵێنی درۆ بە خەڵکی لێقەوماو و لافاولێدراوی ناوچەکانی کوردستان و ئەهواز دەدات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە مەبەستی بەلاڕێبردنی ڕوانگەی خەڵک و بەتایبەتی خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان، جارێکی تر بە هەڵگرتنی دروشمگەلێکی گەورە و بێبنەما، بەڵێنی درۆ بە خەڵکی لێقەوماو و لافاولێدراوی ئەهواز و کوردستان دەدەن، کە جێبەجێکردنیان لە لایەن حکوومەتی ئەو ڕێژیمەوە ئەستەمە و تەنیا بەڵێنی پێش کامێران و بۆ خەڵک فریودانن.

لەم بارەوە، ڕۆژی یەکشەممە ۱۸ی خاکەلێوە، حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتی ڕێژیمدا، جارێکی تر بە دروشمگەلێکی گەورە و بێبنەما، بەڵێنی درۆ بە خەڵکی لێقەوماو لە ناوچە لافاولێدراوەکانی پارێزگاکانی لوڕستان، ئیلام و خووزستان دا، کە بە زووترین کات زیانەکاینان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

ماڵپەڕی نووسینگەی سەرکۆماریی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، داوای لە هەموو وەزارەتخانەکان و وەزیرەکانی کابینەکەی کردووە، کە ڕادەیەکی دروست لە زیانەکانی خەڵکی ناوچە لافاولێدراوەکان بەراورد بکەن و بەڵێنی داوە، کە حکوومەت بە زووترین کات زیانەکانیان بۆ قەرەبوو بکاتەوە.

بەڵێنە درۆیینەکانی حەسەن ڕۆحانی لە کاتێکدایە، کە "ئیسحاق جەهانگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم پێشتر ڕایگەیاندبوو: ئەو بەڵێنانەی کە لە ساڵی ۱۳۹۵ی هەتاویدا بۆ قەرەبووکردنەوە خەسارەتەکانی لافاولێدراوان لە ناوچەکانی شووشتر لە پارێزگای خووزستان لە لایەن حکوومەتەوە بە خەڵک دراوە، هێشتا جێبەجێ نەکراون.

لەم پەیوەندییەدا، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابڕدوودا، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەڵێنی درۆ و چەواشە به خەڵکی بوومەلەرزەلێدراوی ناوچەکانی پارێزگای کرماشان دەدەن، بەڵام هێشتا هیچکام لە بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکردووە و پاش تێپەڕبوونی دوو ساڵ لە کارەساتی دڵهەژێنی بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێشتا خەڵکی ئەو ناوچانە لە نێو خێوەت و کانێکسدا دەژین.

 لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی تری پلەبەرزی ڕێژیم لە تاران و پارێزگای کرماشان، بە مەبەستی خۆنواندن و فریودانی ڕوانگەی خەڵک، سەردانی چەند ناوچەیەکی بوومەلەرزەلێدراوی ئەو پارێزگایەیان کرد و دیسان لە پێش کامێراکانی خودی ڕێژیمەوە، کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و بێبنەمایان بە خەڵکی لێقەوماوی ئەو ناوچانە دا.

بەڵام بەڵێنەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بە خەڵکی لێقەوماوی ناوچە کارەساتبارەکانی پارێزگای کرماشان هەتا ئێستە  جێبەجێ نەکراون و هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدراوەتەوە.