کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە جێگای پارە کاڵا لە ئورووپا هاوردە دەکات

10:52 - 10 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ترسی گوشارەکانی ئامریکا، جۆری هاوکاریی ئابوورییان لەگەڵ ئورووپا ئاشکرا ناکەن.

"بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئاشكرای کردووە، ئێمە به هۆی گۆشارەکانی ئامریکاوە جۆری هاوکارییەکانمان لەگەڵ ئورووپا ئاشكرا ناکەیەن و ڕێوشوێنی ئێمە بۆ مامەڵەی نەوت لە بەرانبەر کاڵادا لەگەڵ ئورووپاییەکان، بە مانای گۆڕێنەوەی نەوت بە خۆراک نییه.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران باسی لەوەش کردووە، ئێمە هەرگیز چۆنیەتی مامەڵەی خۆمان لەگەڵ ئورووپا ئاشکرا ناکەین، چونکە دوژمنان لە هەوڵ دان کە پێوەندیی ئێمە لەگەڵ ئورووپا تێک بدەن.

قسەکانی قاسمی لە کاتێکدایە کە "محەممەد جەواد زەریف"  وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیم لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر ئەو پێشنیارەی ئورووپا هیچ کارایی نەبێت ئێمە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆمان لە بەرجام دەکشێینەوە.

مانگی ڕابردوو دوو بلاڤۆکی ئاڵمانیی "ئێشپیگێل و هاندلسبلات" بڵاویان کردەوە کە وڵاتانی ئورووپایی دەیانهەوێت بۆ دەربازبوون لە گەمارۆ ئابوورییەکانی ئامریکا، جۆرێک مامەڵە بکەن کە بتوانن بە جێگای پارە خۆراک بە ئێران بدەن.

ئەو دوو ڕۆژنامەیە مانگی خەرمانان بڵاویان کردبووە کە وڵاتانی ئورووپایی بە مەبەستی خۆ دەربازکردن لە سزاکانی ئامریکا، لە ئەگەری مامەڵە لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە بەرانبەر کڕینی نەوتی ئەو ڕێژیمە کەرەستەی پێویست و خواردەمەنی پێ بدەن.

کاربەدەستانی ئامریکایی ڕایگەیاندووە: "ڕێژیمی ئێران لە داهاتێک کە لە ڕێگای فرۆشی نەوت بەدەستی دێنێت، یارمەتی و پشتیوانی ماڵی تێرۆریستان دەکات، هەر بۆیە داوای لە وڵاتانی دیکە و بەتایبەت یەکیەتیی ئورووپا کردووە، کە پێبەندی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بن، بۆ ئەوەی سەرچاوەی یارمەتییەکانی تیرۆریستان وشک بکەن".