کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە پەسەندکراوەکانی فێڵ لە خەڵک دەکات

11:09 - 9 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: وەزارەتخاکانی ڕێژیمی ئێران بە پەسەندکردنی بەرنامەکانی خۆیان لە ژێر ناوی یارمەتیدانی خەڵکی هەژار، فێڵ لە خەڵک دەکەن.

لێژنەی وەزیران، بە پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتخانەکانی تەعاون، کار و خۆش بژیوی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویدا، گەڵاڵەیەکیان سەبارەت بە پشتیوانی خۆراکی لە توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا پەسەند کرد.

ئەو توێژانەی کە لە لایەن وەزارەتخانەکانی ڕێژیمەوە لە نێو ئەم گەڵاڵەیەدا گونجاون بریتین لە:

ئەو بنەماڵانەی کە لە لایەن کۆمیتەی ئێمدادەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەو بنەماڵانەی کە لە لایەن بونیادی شەهیدی ڕێژیم و کاروباری ئیسارگەرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەروەها ئەو بنەماڵانەی کە داهاتی مانگانەیان لە ژێر ٣ میلیۆن تمەندا بێت.

ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا گرینگی پێدراوە، بنەماڵەکانی بەستراوە بە خودی ڕێژیمی ئێرانن، چونکە بنەماڵە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا بە مەرجێک ئەبنە خاوەنی ئەو یارمەتییانە کە پێشتر لە لایەن کۆمیتەی ئێمداد و ڕێکخراوی بێهزیستییەوە دان بە هەژاریاندا نرابێت.

ئەم بنەماڵانە ئەوانەن کە بە کارگەلێکی لە چەشنی کرێکاریی بیناسازی، فەرشچنین، کاروباری دەستیی و شۆفێرییەوە خەریکن و گوندنشینەکان و هەروەها کۆمەڵێک لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاش لەم نێوانەدا جێ دەگرن. 

پاش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، توێژی هەژاری کۆمەڵگا زۆرتر لەوانی دیکە تووشی کێشەی ئابووری بوونە، ڕێژیمی ئێرانیش بە پەسەندکردنی ئەم جۆرە گەڵاڵانە گوایە ئەیەوێت دۆخی ژیانی ئەوان باش بکات کەچی لە هەموو گەڵاڵە پێشنیارکراوەکاندا، ئەو توێژە زۆرتر دەکەونە ژێر ستەمەوە و چینی ساماندار و بەستراوە بە ڕێژیمیش بەرەو دۆخێکی باشتر دەڕۆن.