کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بە ڕێککەوتننامەی نێوان عەرەبستان و کوەیت بۆ گۆڕەپانی گازیی "ئارەش" ناڕەزایەتی دەربڕێ

12:53 - 6 خاکەلێوه 2722

"سەعید خەتیب زادە" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، لە پەیوەندی بە ڕێککەوتننامەی نێوان "عەرەبستانی سعوەدی و کوەیت" سەبارەت بە گۆڕەپانی گازیی "ئارەش-ئەلدەڕە" وتوویەتی: "ئەلدەڕە گۆڕەپانێکی هاوبەشی نێوان ئێران، کوەیت، عەرەبستانە و چەند بەشێکی دیکەشی کە لە لێواری ئاوەکانی نێوان ئێران و کوەیتدایە بە دیارینەکراوی ماونەتەوە".

"خەتیب زادە" باسی لەوە کردووە دەبێ هەر شێوە هەوڵێک بۆ بەرهەمهێنان و گەشە لەو گۆڕەپانە نەوتییەدا بە هاوئاهەنگیی ئێران، کوەیت و عەرەبستان ئەنجام بدرێت.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە هەوڵی پێشووی "کوەیت و عەرەبستان" لە چوارچێوەی بەڵگەیەکی هاوکاریدا، لەگەڵ چاوپێکەوتن و دانیشتنەکانی کە پێشتر ئەنجاممان داون نایاسایین و ناتەباییان هەیە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئێران مافی خۆی بۆ بەرهەمهێنان لە گۆڕەپانی هاوبەشی گازیی ئارەشدا دەپارێزێت".