کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئەگەری شەڕدا دادەخات

18:09 - 6 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران لە ترسی یەکڕیزیی خەڵک دژ بە ڕێژیم لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڕەشەی داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی جۆزەردان، بەرپرسی سازمانی "پەدافەندی غەیرەعامڵی ڕێژیم"، "غوڵامڕەزا جەلالی"، لە وتاربێژییەکدا باسی لەوە کرد کە ئامریکا بە کەڵکوەرگرتن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، "چالاکیی ڕاگەیاندنی و ڕەوانی" بە سەر خەڵکدا دەکات.

ناوبراو لەم پەیوەندییەدا وتی: "لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئامریکادا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دادەخەین."

پاسدار "جەلالی"، ماوەیەک پێش ئێستاش وتبووی: "کۆنترۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە کاتی قەیرانەکاندا زەروورەتێکی حاشاهەڵنەگرە."

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، ساڵانێکە لە هەوڵی داڕشتنی پلانیکدایە بۆ جیاکردنەوەی ئینتێرنێتی بەردەستی بەکارهێنەرانی نێوخۆی لەگەڵ تۆڕی جیهانیی وێب، کە بەشگەلێک لەو پلانە لەژێر ناوی "تۆڕی نەتەوەیی زانیاری"، ڕوونوێنی کراوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران نەتەنیا لە کاتی بارودۆخە قەیراناوییەکان و شەڕدا، بەڵکوو لە ڕێگاگەلێکی جیاوازەوە هەوڵی کۆنترۆڵ، فیلتێر و ڕاگرتنی هەندێک لە تۆڕە کۆمەلایەتییەکان دەدات و تەنانەت، بە دانانی ئەپی سیخوڕی، هەوڵی ناسینی خەڵکی خاوەن هەڵویست دەدات و خەڵک دەخاتە ژێر چاوەدێرییەوە.

ئەم ڕێژیمە، نموونەیەکی بەرچاوی ڕێژیمێکی تۆتالیتێرە، کە هەموو ڕۆچنەکانی زانین و گەیشتن بە ڕۆشنگەریی میللی لە خەڵکی ئێران و بە تایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێت و لە هیچ هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بیر و ئەندێشەی خەڵک سڵ ناکات.