کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران تیمی تیرۆری هەناردەی عێراق کردووە

11:07 - 10 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامی بۆ سەرکوتی دژبەرەکانی خۆی لە عێراق تیمی تیرۆری هەناردەی ئەم وڵاتە کردووە.

بەپێی هەواڵێکی بڵاوکراوە لە ڕۆژنامەی ئینگلیزی "دەیلی تێلێگراف"، قاسم سلێمانی، بەرپرسی هێزی قودسی سپای پاسداران، تیمەکانی تیرۆری لە عێراقدا، بەمەبەستی لەناوبردنی دژبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا مەڵاس داوە.

ئەم ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە قسەی بەرپرسانی ئەمنیەتی وڵاتی بریتانیا لە عێراق کە بەرپرسیارەتی بارهێنانی هێزەکانی عێراقیان لەسەر شانە ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە.

لە درێژەی ئەم هەواڵەدا هاتووە، کە دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی مەی ٢٠١٨ی عێراق و سەرنەکەوتنی مۆرە کاندیدکراوەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ پارلمانی عێراق وهەروەها شکستی ڕێژیم بۆ بەئەنجام گەیاندنی پیلانەکانی لەمەڕ دروستکردنی دەوڵەتی نوێی عێراق بەوجۆرەی کە خۆی دەیهەویست، تیمەکانی تیرۆری خۆی ڕەوانەی عێراق کردووە.

بەرپرسێكی باڵای بریتانیا لەمبارەوە وتوویەتی: "ڕێژیمی ئێران بە بەکار‌هێنانی گروپەکانی تیرۆر و هەوڵدان بۆ بێدەنگ کردنی دژبەرانی خۆی، هەوڵ دەدات ترس لە نێو دەوڵەتی عێراقدا بڵاوبکاتەوە".

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا ئەم هەوڵەی ڕێژیمی بە کارێکی بێشەرمانە پێناسە کردووە و وتوویەتی: "ئەمە هەوڵێكی بێشەرمانەی ڕێژیمی ئێرانە بۆ سەرنەگرتنی هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە عێراقدا".

ڕێژیمی ئیسلامی لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە بەبەردەوامی بەوە تاوانبار دەکرێت، کە دەستێوەردان لە کاروباری ئەم دەوڵەتانەدا دەکات و چەند جارێک لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە هۆشداری پێدراوە.