کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران تەنیا گۆڕستان و زیندانەکانی ئاوەدان کردووەتەوە

13:28 - 16 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ٩ کەس لە پارێزەرانی خەڵکی ئێران لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا، سەرەڕای ئەوەی کە یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و ڕێبەریی عەلی خامنەییان بە ناڕەوا زانیوە، داوای ئەوەیان کردووە کە ئێران بدرێتە دەستی خەڵکەوە.

لە نامەیەکی سەرئاوەڵای ٩ پارێزەری خەڵکی ئێران کە ڕۆژی پێنجشەممە،١٤ی خەرمانان، بڵاو بووەتەوە، هاتووە: "ئەوەی کە لە ٤٠ ساڵی ڕابردووەوە بەسەر خاک و ڕۆڵەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەدا هاتووە، تەنیا دووپاتکردنەوەی چیرۆکی زوحاکی مارلەسەرشان بووە کە ژیانی بە خوێن و مێشکی لاوان بەستراوەتەوە هەتا حەشیمەتی ماتەمگێڕ و گرفتار نەتوانن بە دژی هەستێنەوە".

لەم نامەیەدا هاتووە: "ئێمە کۆمەڵێک لە پارێزەرانی دادگوستەری، واژۆکەرانی ئەم بەیانییە، بەم شێوەیە ڕادەگەیەنین کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بایەخێکی یاسایی نییە و دەزگای دادوەریی ئەم ڕێژیمە بە بیانووی پاراستنی تەناهیی میللی، تەنیا سەرقاڵی سەرکوت و خەفەقانی خەڵکی ئێرانە کە هێچ ڕەواییەکی نییە. سەرەڕای ئەوەی کە سەرجەم دەسبەسەرکردنەکان، دەرکردنی حووکمی زیندانی و ئێعدام، مەحکووم دەکەین، داوامان ئەوەیە کە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و دێموکراتیکانە، داگیرکەران لە دەسەڵاتدا نەمێنن. ئەو ڕێژیمە کە تەنیا گۆڕستان و زیندانەکانی ئاوەدان کردووەتەوە و کۆشکەکانی خۆیان بە سەر پەیکەری بێگیان و خوێنی خەڵکی ئێراندا بنیات ناوە. دەسەڵاتدارانی ئەم ڕێژیمە بێ ئەوەی کە هیچ گرێدراوییەکیان بەم خاکەوە هەبێت، ئەو وڵاتەیان لە هەمبەر پاراستنی خۆیان، وێران کردووە".

ئەم ٩ پارێزەرە لە کۆتایی نامەکەی خۆیاندا نووسیویانە: "ئێمە سەرەڕای ئەوەی کە یاسای بنەڕەتیی ڕیژیمی ئیسلامیی ئێران کە زۆرینەی خەڵکی ئێران دژی ئەم یاسایەن، بە ناڕەوا دەزانین، ڕێبەری و تەواوییەتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهـ و ئۆرگانەکانی سەر بەم ڕێژیمە کە یەک لەوان سپای پاسدارانە بە نایاسایی دەزانین. داوامان ئەوەیە کە دەنگی گەلانی ئێران پێش ئەوەی کە درەنگ بێت، ببیسرێت و ئەم وڵاتە بدرێتەوە دەستی خەڵکی ئێرانەوە هەتا بە خەیاڵێکی ئاسوودە و لەژێر چاوەدێریی دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا، لە ڕاپرسییەکی ئازاددا، خەڵکی ئێران چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن".