کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران حاشا لە دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دەکات

19:21 - 8 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی ئێران باسیان لەوە کردووە کە ئێمە هیچ جۆرە دانیشتنێکمان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل نەبووە و ئەوە هەواڵێکی ناڕاسته.

دوای ئەوەی کە  ڕۆژنامەی "ئیلاف"ـی عەرەبستانی سعوودیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل لە وڵاتی ئۆردۆن دانیشتنیان هەبووە و لە سەر کێشەکانیانی نێوانیان گفتوگۆیان کردووە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کەوتنە حاشاکردن.

لەو پێوەندییەدا، "بەهرام قاسمی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە کە ئەوە تەنیا قسە و دەلەسەی بەرپرسانی ئیسرائیلییه و بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیه.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوەش کردووە: "ئێران بە ڕاشکاوانە و به هیچ شێوەیەک ئیسرائیل بە فەرمی ناناسێت تا بچێت وتووێژی لەگەڵ بکات".

ڕۆژنامەی ئیلاف باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران و ئیسرائیل لە وڵاتی ئۆردۆن لەبارەی شەڕی سووریە و باشووری ڕۆژئاوای سووریەوە گفتگۆیان کردووە و بە هەندێک ڕێککەوتن گەیشتوون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕۆژنامەی ئیلاف، ڕێژیمی ئێران ئەرکدار کراوە کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوانی هێزەکانی ڕێژیمی ئەسەد و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە باشووری ڕۆژئاوای سووریەدا بەشداری نەکات.

هەروەها لەو ڕێککەوتنەدا ئیسرائیلیش ئەرکدار کراوە کە به هێچ شیوەیەک هێرش نەکاتە سەر هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا لە سووریه.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەربڵاو هێرشی کردە سەر بنکە و پایەگاکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە و ژمارەیەک پاسداری تێرۆریست کوژراون و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانیش هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە لە ئێران دەکەن.