کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خاروبار بە سلبریتییەکان دەدات و داوای پارە لە خەڵک دەکات

12:34 - 26 خاکەلێوه 2720

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا داوای پارە و یارمەتی لە خەڵک دەکات کە خاروباری تایبەت بە سلبریتییەکان دەدات.

"عەباس ساڵحی"، وەزیری "فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامـ"ـی ڕێژیمی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ ٤ ئەندامی باڵای ڕێژیم باسی لە مایەپووچبوونی ئەو وەزارەتخانەیە کردووە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە کە ئەو وەزارەتخانەیە بەهۆی قەیرانی کۆرۆناوە ٩٦٧ میلیارد تمەن زیانی بەرکەوتووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە هونەرمەندان و سلبریتییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە شارەداریی هەندێک لە شارەکان وەک تاران، خاروبار دەباتە بەر دەرگاکانیان بۆ ئەوەی لە ماڵ نەیەنە دەرەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕێژیم ئەو یارمەتییانەی کە دەبێ بەنێو خەڵکی کەمداهاتی وڵاتەکەدا بڵاو بکرێتەوە لە ڕێگەی گرووپە چەکدارە تێرۆریستییەکانیەوە وەک حیزبوڵڵا، بەنێو خەڵکی لوبناندا بڵاو کردووەتەوە کە بڕی ٤٥٠ تۆن کەرەستەی تەندروستی و خواردەمەنی بووە.

لە بەرانبەردا ڕێژیم خەڵکی کەمداهات و هەژاری پشتگوێ خستووە و ڕۆژانە ئەو خەڵکە کەمداهاتە بۆ بژێویی ژیانیان لە ماڵەکانیان دێنە دەرەوە و بۆ دابینکردنی پارووە نانێک لەگەڵ هەڕەشەی مەرگ بەرەوڕوو دەبن.

"ئسحاق جەهانگیری"، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە خەڵکی دەوڵەمەند کردووە کە بە یارمەتیدانی مانگی سووری ڕێژیم هاوکار بن لە یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی کەمداهات.

لە حاڵێکدا کە ڕێژیم یارمەتییەکانی خەڵک بۆ گرووپە تێرۆریستییەکان دەنێرێت و لە خەمی خەڵکی کەمداهات و هەژاردا نییە.

ڕێژیم بۆ خۆدەربازکردن لە ڕەخنە و گازندەکانی خەڵک بەرانبەر بە بێکیفایەتی و نادادپەروەرییەکانی،  دۆخی ئابووریی وڵات شپرزە وێنا دەکات و داوا لە خەڵک دەکات کە یارمەتیی ڕێژیم بدەن بۆ یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی کەمداهات.