کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆراکی پیس و ماوەبەسەرچوو وەک یارمەتی بە خەڵک دەدات

12:10 - 24 بانەمەڕ 2720

لە دۆخی ئێستادا کە خەڵکی ئێران باری گوزەرانیان لەوپەڕی خراپیدایە، ڕێژیمی ئیسلامی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو و پیس وەک یارمەتی بە خەڵک دەدات.

ڕێژیم جۆرە برنجێکی بەسەر خەڵکی کەمداهات و دەسکورتی شاری بۆکاندا بڵاو کردووتەوە کە پڕە لە پیسایی و بە هیچ شێوەیەک بۆ بەکارهێنان نابێت.

خەڵکی هەژار و دەستکورت کە لەم ڕۆژانەدا لە دۆخێکی دژواردا ژیان بەسەر دەبەن، لە جێگای ئەویکە بە باشترین شێوە یارمەتیان پێ بدرێت، لەلایەن ڕێژیمەوە بە پێدانی یارمەتیی پیس، سووکایەتییان پێ دەکرێت.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ماوەیەک لەمەو پێش، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە بۆکان، کەلوپەلی وەکوو برنج، ڕۆن و گۆشت و هەروەها خۆراکیی دیکە کە لەلایەن چالاکانی مەدەنی و خێرخوازانەوە بۆ خەڵکی هەژار کۆ کرابووەوە، بەسەر بنەماڵەی جاشەکاندا بڵاو کردبووەوە.

ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا کە ئەو یارمەتییە پیس و ماوەبەسەرچووانە بەسەر خەڵکی هەژاردا بڵاو دەکاتەوە کە پێش لە هەوڵەکانی دڵسۆزانی کوردستان دەگرێت و یارمەتییە کۆکراوەکانیش زەوت دەکات و بەسەر دەستوپەیوەندییەکانی خۆیدا دابەشی دەکات.