کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات

22:57 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە سەفەری خۆیدا بۆ وڵاتی قبرێس لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێراندا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران خۆی بۆ هێرش بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوان، "بنیامین نتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە سەفەری خۆیدا بۆ وڵاتی قبرێس، ڕوو لە میدیاکان بە توندی هێرشی کردە سەر ڕێژیمی ئیران و ڕایگەیاند، ئەو ڕێژیمە دەیهەوێ لە ڕێگای سووریەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.

ناوبراو باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران لە هەوڵ دایە چەکی زۆر مەترسیدار لە سووریە جێگیر بکات و بەو شێوەیە هێرش بکاته سەر ئیسرائیل.

نتانیاهۆ ڕوو لە هەواڵنیران باسی لەوەش کرد کە ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ پایەگای نیزامیی دەریایی و ژێردەریایی لە دەریای مەدیترانەدا جێگر بکات و ئەوەش هەڕەشەیەکی جیددیە بۆ سەر جیهان".

بنیامین نتانیاهۆ بڕیار بوو سەفەری مۆسکۆ بکات و لەبارەی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچە و هەڕەشە نیزامییەکان لە سەر سنووری ئیسرائیل وتووێژ بکات.

کاناڵی "المیادین" بڵاوی کردووەتەوە، ئەگەرچی قەرار بوو نتانیاهۆ سەفەری ڕوسیە بکات بەڵام بە هۆی ئەوەیکە بڕیارە ترامپ ئەمشۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکێک بە کاتی تاران لە سەر بەرجام بڕیار بدات، لە قبرێسەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئسیرائیل.

کارناسان لەو باوەڕەدان کە نتانیاهۆ ئاگاداری ناوەرۆکی قسەکانی ترامپە بۆیە لە سەفەری خۆی بۆ ڕووسیه پاشگەز بووەتەوە.