کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران خۆی بە زلهێزی جیهان دەزانێت

12:19 - 12 بانەمەڕ 2720

فەرماندەیەکی تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئێمە لەمە بەدواوە زلهێزین و ئامریکا ناوێرێت لە دژمان چالاکی بکات.

پاسداری تێرۆریست ''ئەمیر عەلی حاجیزادە''، فەرماندەی هێزی هەوایی سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی، لە دوای هاویشتنی سەرکەوتووانەی مووشەکی ماهوارەیی لە ٣ی بانەمەڕدا، ئیتر ئامریکا و زلهێزەکانی تر ناوێرن لە دژی ئێران چالاکی بکەن.

لە درێژەی قسەکانی ئەو پاسدارە تێرۆریستەدا باس لەوە کراوە کە ماهوارەی ''نوور'' بەسەر ئامریکا و ئەو وڵاتانەدا دەڕوات کە سنووری هەواییان بە ڕووی فڕۆکەکانی ئێراندا بەستووە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتریش فەرانسە و بریتانیا، بەنیسبەت تاقیکردنەوەی مووشەکیی ئێران، نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا لە دژکردەوەی هاویشتنی مووشکی ئەم دواییەی ئێران ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکانە هیچ هەڕەشەیەکی نیزامی نایەنە ئەژمار.

هەروەها ئامریکا وتوویەتی، ئەوەی کە ئێران بە ماهوارەی ناو دەبات، ''وێبکەمـ''ـێکی سەرگەردانە لە فەزادا و هیچی تر.