کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دڵسۆزی بۆ سروشتی تورکیە دەکات

12:13 - 11 گەلاوێژ 2721

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەی بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی تورکیە ناردووە و لە میدیاکانی خۆیدا بە شانازییەوە باسی لێ دەکات کە فڕۆکەی "ئیلیووشینی ٧٦ تی دی" سەر بە سپای پاسداران هەر جار بە هەڵگرتنی ٤٠ تۆن ئاو بە هانای کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی تورکیەوە ڕۆیشتووە.

جیا لەو فڕۆکەیە دوو هێلێکۆپتێری میلی ١٧١یش ئامادە بوونە بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی تورکیە.

یەکێک لە هۆکارەکان کە سپای پاسداران ئاگری دارستانەکانی تورکیە دەکوژێنێتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سپای پاسداران لە چوارچێوەی کاری بازرگانی چەکوچۆڵ و کاری نیزامی دەکات.

سپای پاسداران لەو ڕێگایەوە دەتوانێت بە ئاسانی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی تورکیە پێوەندی دامەزرێنێت و کاروباری نیزامیی خۆی ئەنجام بدات.

ئەو فڕۆکەیەی کە سپای پاسداران بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی تورکیە ناردوویەتی پێشتر بۆ ناردنی چەکوچۆڵ بۆ گرووپی "فاتمیوون" لە سووریە کەڵکی لێ وەردەگیرا.

دارستانەکانی "مانڤگات" لە پارێزگای "ئانتالیا"ی تورکیە ئاگری تێبەر بووە و ئاگرەکە کۆنترۆڵ نەکراوە و ڕووبەرێکی زۆر بەهۆی ئەو ئاگرە لەنێو چووە.

ئێستا ئاگری دارستانەکان لە "ئانتالیا" بەردەوامە و دارستانەکان لە ئاگردا دەسووتێن.

ناردنی هێلێکۆپتێر لەلایەن ڕێژیمی ئێران بۆ دارستانەکانی "ئانتالیا" لە کاتێکدایە کە ماوەی چەندین ڕۆژە دارستانەکانی مەریوان ئاگریان تێبەر بووە ە هیچ کاربەدەست و ئۆرگانێکی ڕێژیم بۆ کوژاندنەوەی دارستانەکانی هەوڵێکیان نەداوە.

لە کاتی ئاگرتێبەربوونی تاڵاوی ناوچەی شامی شاروێرانی "مەهاباد" داوا لە ئاگرکوژێنەوەی تەورێز کرا بۆ کوژاندنەوەی ئەو تاڵاوە هاوکاری بکەن، بەڵام ماشینەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاویان پێ نەبوو و سەیری سووتانی ئەو ژینگەیەیان کرد.

هاوکات لە کاتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی "ئەرسەنجان" لە سەرەتای مانگی پووشپەڕ لە پارێزگای فارس ڕێژیمی ئێران تەنیا دوو "گوێدرێژ"ی (کەر) بە کارمەندانی ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکان دابوو کە بڕۆن ئاگرکە بکوژێننەوە.

ئەو هەوڵەی ڕێژیمی ئێران هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ تێکدان و لەنێوبردنی ژینگەی کوردستان و ئێران.