کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەبێت لەگەڵ ڕۆژئاوا دانوستان بکات

13:12 - 9 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: "ژان ئیو لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕانسە وتوویەتی: دەبێت بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوا لە بارەی بەرنامەی ناوکی و مووشەکە بالستیکەکان وتووێژ بکات.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسه لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە شاری ڤییەن باسی لەوە کردووە: "ئێران لە دانوستان لە بارەی سێ بابەتی گرینگ وەک: بەرنامەی ناوکی، مووشەکە بالیستیکەکان و ڕۆڵی لە ناوچەدا، کە نیگەرانیی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە، ڕێگای دەربازبوونی نییە".

لۆدریان لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە پەیامێکه بۆ ئێران کە دەبێت لەو بابەتە ئاگادار بێت".

لە بارەی قسەکانی ژان ئیو لۆدریان، بەهرام قاسمی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد، بەرنامەی مووشەکیی ئێران بە هیچ جۆرێک جێگای باس و خواس نییه.

مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، که "ئانگلا مێرکێل" ڕاوێژکاری باڵای ئاڵمان باسی لەوە کردووە، وڵاتانی ئورووپایی به نیسبەت بەرنامە مووشەکییە بالستیکەکانی ڕێژیمی ئێران نیگەرانن و بۆ بەرپەرچدانەوەی بەرنامە دوژمنکارییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، داوای دۆزینەوەی چارەسەرییەکی کرد.

هاوکات ئامریکاش بە هۆی کردەوە مەترسیدارەکانی ڕێژیمی ئێران وەکوو: "چالاکیی ناوکی و سازکردنی مووشەکی دوورهاوێژی بالستیکی و پاڵپشتیی ئەو ڕێژیمە لە تێرۆریستان و تێکدانی ئەمنییەتی جیهانی"، لە ڕێککەوتننامەی بەرجام کشایەوە و دوابەدوای ئەوە هەندێک لە وڵاتان وەکوو: ئێماراتیش، سپای تێرۆریستیی قودس و کەسایەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانیان خستووەتە لیستەی تێرۆر و گەمارۆوە.

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی ڕایانگەیاندووە، کە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان، لەگەڵ هیچ وڵاتێک دانانیشن و بەرنامە مووشەکییەکان هێڵی سووری ڕێژیمی ئێرانن و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان کەڵکیان لێ وەردەگرن، لە حاڵێکدا ئەمە بە دژی ڕێککەوتننامەی شۆرای ئەمنییەتە و ئەو مووشەکانەی کە هەزاران کیلۆمیتر دەبڕن، کارایییان زیاتر لە پاراستنی سنوور دەبێت.