بەپێی دوایین ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، ژمارەی خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی (تەئمینی ئیجتماعی) ٣.٥ ملیۆن کەسە و دەبێ دەوڵەت بڕی ٤٠ هەزار میلیارد تمەن بۆ هاوتەریبکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بدات بە ئەو ئیدارەیە.
لە ساڵی ڕابردوودا مووچەی هەر خانەنشینکراوێکی ئیدارەی "تەئمینی ئیجتماعی" تەنیا دوو ملیۆن تمەن بووە و لە دوای زیادکردنی مووچە لە ئێستادا ٣ ملیۆن و نیویان پێ دەدرێت و ڕێژیمی ئێران بەڵێنیی داوە کە مووچەیان زیاتر بکات.
پێشتریش ئەو ئیدارەیە باسی لەوە کردبوو کە دەوڵەتی "ڕووحانی" چەندین میلیارد تمەن پارە بەو ئیدارەیە قەرزدارە و لە ئێستادا دەبێ ٤٠ هەزار میلیارد پارەی دیکە بۆ هاوتەریبکردنی مووچەی خانەنشینکراوان بدات بە ئیدارەی "تەئمین ئیجتماعی".