کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات

16:42 - 18 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە هیچ بوارێکەوە سیستمێکی نۆرماڵ نییە و لە هەوڵدایە کە لە ڕێگای بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، شەڕی ئیسلام و غەیری ئیسلام بکات.

ڕۆژنامەی "کوردستان"، بەشی فارسی، لە وتارێکدا کە بە قەڵەمی "ئاگری ئیسماعیل نژاد" نووسراوە، بڵاوی کردووەتەوە، ڕێژیمی ئێران بە چوونەدەرەوەی هەنگاو بە هەنگاو لە بەرجام دەیهەوێت دەستی بە چەکی ناوکی بگات.

لەو وتارەدا باس لەوە کراوە کە پرسی ئەتۆمیی ڕێژیمی ئێران پرسێکی جیهانییە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، هەڵسوکەوتی ڕێژیمی ئێران لە نێوخۆ و دەرەوە دەبێ لە چوارچێوەی ئیسلام و سێکۆلاریزمدا ببینینەوە.

نووسەر باسی لەوە کردووە، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەپێی ئەوەیکە لانیکەم دوو کتێبی "سەید قوتبی" وەرگێڕاوەتەوە، لەژێر کاریگەریی ئەندێشەکانی ئەودایە.

"سەید قوتب" کۆمەڵگە بە دوو بەشی "زانا" و "نەزان" دابەش دەکات کە کۆمەڵگەی ئیسلامی زانایە و کۆمەڵگەی نائیسلامی نەزانە.

لە کۆتایی ئەو وتارەدا هاتووە، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی ئەوەیکە دژی کۆمەڵگەی غەیری ئیسلامی شەڕ بکات، دەیهەوێت چەکی ناوکی بەدست بێنێت.

هاوکات هەڵسوکەوتەکانی ئەو ڕێژیمە حاشاهەڵنەگرە کە هەوڵ بۆ چەکی ناوکی دەدات.