کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەسەر دەستێوەردانەکانی خۆی لە "عێراق" سەرپۆش دادەنێت

11:21 - 17 رەشەمه 2720

"حەسەن ڕووحانی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە پێوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ "مستەفا ئەلکازمی" سەرۆکوەزیرانی عێراق وتوویەتی: "بردنەسەرەوەی پێوەندییە ئابوورییەکانمان هاوکات لەگەڵ پێوەندییە سیاسییەکان گرینگییەکی زۆری هەیە و ئاسانکاریکردن بۆ سەرمایەگوزاریی بازرگانان و شیرکەتە تایبەتییەکان دەتوانێت ببێتە هۆکارێکی باش بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکەمان".

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "ئێمە دژی هر جۆرە دەستێوەردانێکی دەرەکی لە کاروباری نێوخۆیی عێراقین و ئەو دەستێوەردانە دەرەکییانە بە زیانی عێراق و ناوچەکەی دەزانین".

سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە قسەکانیدا باسی لەوە کردووە کە ئەو چەند میلیارد دۆلارەی ئیران کە لەلایەن بانکەکانی عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە بەپێچەوانەی یاسایە و پێویستە بە زووترین کات ئەو بڕە پارەیە ئازاد بکرێت.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم جەختی کردەوە، دەبێ وڵاتەکانی ناوچە بۆ خۆیان کێشە و گرفتەکانی ناوچە چارەسەر بکەن و لەوبارەیەشەوە ئێران ئامادەی هەر جۆرە هاوکارییەکە بۆ سەقامگیرکردنی هێمنایەتی لە ناوچەکەدا.

قسەکانی "حەسەن ڕووحانی" لەگەڵ "مستەفا ئەلکازمی" سەبارەت بە هەوڵدان بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران لە ئاستی ناوچە و بیانیدا بە دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکەدا تاوانبار کراوە.