کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەنێو خەڵکی عێراقدا هیچ پێگەیەکی نەماوە

12:39 - 12 گەلاوێژ 2720

بەهۆی توندوتیژیی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی عێراقی، ئەم ڕێژیمە لەنێو خەڵکی عێراقدا هیچ پێگەیەکی نەماوە.

ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و پشتیوانیی هەمەلایەنەی لە گرووپە میلیشیاکانی ئەو وڵاتە و توندوتیژیی ئەو گرووپانە بەنیسبەت خۆپیشاندەرانی عێراقییەوە، خەڵکی ئەو وڵاتەی زیاتر لە ڕێژیمی ئێران بێزار کردووە.

بەپێی هەندێک لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، تەنیا یەک لەسەدی خۆپیشاندەرانی عێراقی بڕوایان بە ڕێژیمی ئێران هەیە، ئەمە لە کاتێکدایە  ٧ لەسەد لە خۆپیشاندەران بڕوایان بە ئامریکا و ٣٠ لەسەد بە ڕێکخراوی نێونەتەوەیی هەیە.

هۆکاری سەرەکیی ناڕەزایی و بیزاربوونی خەڵکی عێراق لە ڕێژیمی ئێران کوشتاری بێڕەحمانەی خۆپیشاندەران بووە لەلایەن گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پشتیوانیی هەمەلایەنە لە گرووپە تێرۆریستییەکان، بەتەواوی پێگە و قورسایی خۆی لەنێو وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لەدەست داوە.