کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ قەیرانی کەمیی گەنم بەرەوڕوویە

11:26 - 17 خەزەڵوەر 2721

"محەممەدڕەزا مورتەزەوی" سەرۆکی کانوونی پیشەی خۆراکی ڕێژیم وتوویەتی، "ئێمە لە دۆخێکداین بۆ کڕینی گەنم لەگەڵ هەر وڵاتێک کە گەنمی زیادیی هەبێت ناچارین دانوستان بکەین".

"مورتەزەوی" وتوویەتی، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەیکە نە گەنممان کڕیوە و نە گەنمن پاشکەوت کردووە سیاسەتێکی دژە وەرزێڕیمان ڕەچاو کردووە.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەلایەن چالاکانی کەرتی تایبەت بڵاو کراوەتەوە بەرهەمهێنانی گەنم بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو ٣٠ لەسەد دابەزیوە. بەوهۆیەوە ڕێژیم ناچارە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کێشەیە گەنم هاوردە بکات ئەو لە حەڵێکدایە کە نرخی گەنم لە بازاڕەکانی جیهانیدا ٨٠ لەسەد گران بووە.

لە ئێستادا ڕێژیمی ئێران ساڵانە ٧ و نیو ملیۆن تۆن گەنم لە ڕووسیە، ئاڵمان و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپای ڕۆژهەڵات دەکڕێت.