کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کۆماری ڤێنێزۆئێلا گرێبەستێکی بیست ساڵە واژۆ دەکات

18:34 - 21 جۆزەردان 2722

"نیکۆلاس مادۆرۆ" سەرکۆماری "ڤێنێزۆئێلا" لە سەفەری خۆی بۆ ئێران و گەڕانەوەی، باسی لە واژۆکردنی گرێبەستێکی بیست ساڵە لەنێوان ڤێنێزۆئێلا و ڕێژیمی ئێران کردووە.

لە ئێستادا و لە کاتی گەمارۆکاندا ڕێژیمی ئێران ڕێژەیەکی زۆر نەوت و بێنزین بۆ وڵاتی ڤێنێزۆئێلا دەنێرێت.

بەهار و هاوینی ساڵی ۱۳۹۹ کە ڤێنێزۆئێلا لەگەڵ گەمارۆی توندی ئامریکا بەرەوڕوو بوو، ڕێژیمی ئێران زیاتر لە یەک ملیۆن و نیو بەرمیل بێنزینی بۆ ئەو وڵاتە ناردبوو. ئەوە لە حاڵێکدا بوو تەنیا ساڵێک بەسەر ناڕەزایەتیی خەڵک لەهەمبەر گرانیی بێنزین تێپەڕیبوو.

بەپێی گرێبەستەکە بڕیار وایە کە بەشی فڕینی هەوایی ڕاستەوخۆ لەنێوان دوو وڵاتدا پێک بهێندرێت. پێشتریش و لە سەردەمی سەرکۆماریی "مەحموود ئەحمەدی نژاد"دا، ئەو هێڵی فڕینە لەنێوان ڕێژیمی ئێران و ڤێنێزۆئێلا دروست کرابوو، بەڵام بەهۆی زیانی زۆر ڕاگیرابوو.

دانانی سەرمایە لەلایەن ڕێژیمی ئێران لە ڤێنێزۆئێلا لە سەردەمی سەرکۆماریی "ئەحمەدی نژاد"، ۴ میلیارد دۆلار بووە. مامەڵەی دوو وڵات لە ساڵی ۲۰۰۱، ۱۸۹هەزار دۆلار و لە ساڵی ۲۰۰۸ گەیشتە ۵۷ ملیۆن دۆلار کە ئەو ڕێژەیە ساڵ بە ساڵ کەمتر بووەتەوە.

بە وتەی کارناسان، مەودای زۆری مامەڵەی بازرگانیی دوو لایەن لەگەڵ بڕیاراتی تاکلایەنانەی ڕێژیمی ئێران لە "ڤێنێزۆئێلا" نیشان لە گەشەی ساختەی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتە.

دروستکردنی کارخانەی چەک و تەقەمەنی، سیمان، ماشین و هەروەها دروستکردنی دوو  کۆگای پێترۆشیمی لەو خاڵانە بوون کە زیاتر لە دوو دەیە لەوە پێشەوە بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام تا ئێستا جیبەجێ نەکراوە.

دروستکردنی کۆگای پێترۆشیمیی "ونیران" لە عەسەلویە بە هاوبەشیی ئێران و ڤێنێزۆئێلا گەورەترین ڕێککەوتنی نێوان دوو وڵات بووە و تەنیا تا قۆناخی تاپۆکردن چووە پێشەوە و دواتر ئەو پرۆژە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارییە بە کشانەوەی لایەنی ڤێنێزۆئێلایی بە ئاکامێک نەگەیشت.