کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ئەرمەنستان سنووری نەما

12:13 - 24 خەزەڵوەر 2720

ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان بوو بەهۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران سنووری خۆی لەگەڵ وڵاتی ئەرمەنستان لەدەست بدات.

هەواڵدەریی "فارس" سەر بە سپای پاسداران بڵاوی کردووەتەوە: "ڕێککەوتنی نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمەنستان پیشانمان دەدات کە گۆڕانکارییەکان هیچ مانایەکی نییە، جیا لەوەیکە سنوورمان لەگەڵ ئەرمەنستاندا نەماوە".

ئەو ڕێککەوتنە جیا لە زیانی ئابووری بۆ ئێران لە بواری ئەمنییەتیشەوە نیگەرانیی ڕێژیمی ئێرانی لێکەوتووەتەوە.

ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "سەرەڕای ئەوەیکە پشتیوانیمان لە کۆماری ئازەربایجان کرد و لەسەر مافەکانی ئەرمەنستانیش پێداگریمان کردووە، بەڵام ئاکامەکەی ئەوە نەبوو کە ئێمە چاوڕانمان دەکرد".

ڕێژیمی ئێران "تورکیە، کۆماری ئازەربایجان و ئیسرائیل" بە تەبانی و سازان تۆمەتبار دەکات.

لەو ڕێککەوتنەدا هاتووە، دوو ناوچەی "ئاغ دام" و خاکی کۆماری ئازەربایجان لە ناوچەی "قازاح" کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمەنستاندا بوو دەخرێتە سەر خاکی کۆماری ئازەربایجان و لە حەوتووی داهاتوودا ئەرمەنستان ناوچەی "کلبجار و لاچینـ"ـیش بە کۆماری ئازەربایجان دەدات.

بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ڕێگای "لاچین" بە بەرینایی ٥ کیلۆمیتر دەکشێتەوە دوا و کۆماری ئازەربایجان ئەو ڕێگایە کۆنترۆڵ دەکات.

جیا لەوەش ڕێگای هاتوچۆی نوێ بۆ کۆماری خودموختاری نەخجەوان و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کۆماری ئازەربایجان دروست دەکرێت و ڕووسیە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ دەکات.