کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ئامێری ئێلێکترۆنیکیی دۆزینەوەی سووتەمەنی بۆ تاقیکاریی کۆرۆنا کەڵک وەردەگرێت

12:44 - 28 خاکەلێوه 2720

ئامێری ساختەی دۆزینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای سپای تێرۆریستی پاسداران لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمەوە تەئیدییە و ئیزنی بەرهەمهێنانی پێ نەدرا.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، پاسداری تێرۆریست "حوسێن سەلامی"، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، پەردەی لەسەر ئامێرێکی ساختەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لادا و وتی، ئەو ئامێرە، هەر ڤایرۆسێک لە مەودای ١٠٠ میترییەوە لە ٥ خولەکدا دەدۆزێتەوە.

لە بەرانبەردا "کیانووش جەهانپوور"، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم، ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی خاکەلێوە، لە پرێس کۆنفڕانسێکدا ڕایگەیاندبوو، ئەو ئامێرە لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە تەئیدییەی پێ نەدراوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، بەرهەمهێنانی ئەو ئامێرە گرێدراوە بە تەئیدییەی وەزارەتی تەندروستییەوە کە پێی نەدراوە.

هەندێک لە بەکارهینەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئەو ئامیرە پێشتر بە ناوی ئامێری دۆزینەوەی سووتەمەنی لەلایەن سپای تیرۆریستی پاسدارانەوە پەردەی لەسەر لا دراوە.

هەروەها یەکێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باسی لەوە کردووە کە ئەو ئامیرە ساختەی ئامێرێکی بریتانیاییە کە ئافرێنەرەکەی ساڵی ٢٠١٣ دانی بەوەدا ناوە کە بە دروستکردن و فرۆشتنی ئەو ئامێرە کڵاوی لەسەر کڕیارانی ناوە و بەو هۆیەوە سزا دراوە.

سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەو ڕێگەیەوە دەیەوێت کە خەڵکی ئێران هەڵخەڵەتێنیت.