کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ئاوەکانی کەنداو دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتکێشی "یونانـ"ـدا گرت

12:05 - 7 جۆزەردان 2722

ڕێژیمی ئێران لە تۆڵەی ئەو کەشتییەی کە لەلایەن "یونانـ"ـەوە دەستی بەسەردا گیرابوو و ڕادەستی ئامریکا کرابوو، دەستی بەسەر دوو کەشتیی نەوتکێشی "یونان" لە ئاوە نێونەتەوەییەکانی کەنداودا گرت.

شیرکەتی دەریاوانیی "فێهرێست لویدز" کە لە بریتانیا دامەزاروە، ڕۆژی هەینی ٦ی جۆزەردان ڕایگەیاند: دوو کەشتیی نەوتکێش بە ناوەکانی پرودنت واریور و دڵتا پوزیدوون بە ئاڵای یونان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە گەرووی هۆرمۆز دەستیان بەسەردا گیراوە".

٢٦ی بانەمەڕی ١٤٠١ی هەتاوی، نەوتکێشی ڕووسیی "لارا" و بە ناوی پێشووی "پێگاس" کە هەڵگری ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕێژیمی ئێران بوو لەلایەن وڵاتی "یونان" دەستی بەسەردا گیرا و لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا و لەسەر داوای وەزارەتی دادی ئامریکا، ڕادەستی نەوتکێشێکی ئامریکایی کرا.

هاوکات پەیوەندییە گشتییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو دوو نەوتکێشە یونانییە بەهۆی سەرپێچییەوە ڕاگیراون.

هەروەها ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران لەو پەیوەندییەدا نووسیویەتی: "لە دوای یونان ئێستا نۆرەی کۆرەی باشوورە".