کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە بێڕێزیکردن بە جلوبەرگی نەتەوەی کورد بەردەوامە

11:57 - 28 بەفرانبار 2720

لە بەرنامەیەکی تێلێڤزیۆنیی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم تایبەت بە "کرماشان" لەلایەن پێشکەشکاری بەرنامەوە بێڕێزی بە جلوبەرگی کوردیی میوانەکە کرا.

دوکتور"فەریبۆرز عەزیزی" کە لەلایەن ئەو بەرنامەیەوە میوان کرابوو بە جلوبەرگی کوردی ڕۆیشتبووە بەرنامەکە پێشکەشکاری بەرنامەکە پێی دەڵێت: "ئەو جلوبەرگە شوانانەیە چیە لەبەرت کردووە؟".

میوانی بەرنامەکەش وڵامی دەداتەوە ئەو جلوبەرگە سمبولی ئازادییە.

ئەوە یەکەمجار نییە کە لە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم سووکایەتی بە جلوبەرگی نەتەوەکانی ئێران دەکرێت و خەڵک ناڕەزایەتیی خۆیان دەردەبڕن.

کاناڵی "٢"ی ڕێژیمی ئێران بە شێوەی بەرنامەداڕێژراو بێڕێزی بە جلوبەرگی کوردی دەکات.

هەر ئەو کاناڵە لە بەرنامەیەكدا بەناوی "كولا قرمزی" دەسماڵی كوردیی ژنانەی لە بەر بووكەڵەی گوێدرێژێک بە ناوی "جیگەر" كردبوو.

ساڵی ١٣٩٥ی هەتاویش، لە سەردێڕێكدا بە ناوی "هفت خان رستم" سووكایەتیی بە نەتەوەی تورک كردبوو كە ئەو بابەتە لەلایەن كەسێك بە ناوی "ئەمیر عەلیزادە"وە نووسرابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا، لە بەرنامەیەكی كۆمێدی لەژێر ناوی "دورهمی" لە دەرهێنانی مێهران مودیری سووكایەتی بە نەتەوەی كورد كرابوو.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران كە زوڕناژەنی دەسەڵاتی ڕێژیمە و جیا لە بیرۆكەی دواكەوتوانە و چەقبەستوو و بڵاوكردنەوەی بیری ئیدئۆلۆژیك، هیچ بەرنامەیەكی دیكە بڵاو ناكاتەوە، لە بەرنامە تەلەڤیزیۆنییەكانیدا بەردەوام سووكایەتی و بێڕێزی بە نەتەوەكانی ئێران دەكات.