کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ترسی خۆپیشاندانەکان چووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

13:45 - 27 پووشپەڕ 2720

پاش خۆپیشاندانی شەوانەی خەڵکی "بێهبەهان" دژ بە ڕێژیمی ئێران، هێزە ئەمنییەتی و دژە شۆڕشەکانی ڕێژیم لە شارەکانی ئێران و کوردستان کەوتنە حاڵەتی ئامادباشییەوە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی پووشپەڕ، خەڵکی شاری "بێهبەهان" سەر بە پارێزگای خووزستان دەستیان بە خۆپیشاندان دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئیران کرد.

خەڵکی خۆپیشاندەر دروشمی وەک: "ایرانی میمیرد، زلت نمیپزیرد"، "حکومت آخوندی، نمیخوایم نمیخوایم"، "بسیجی حیا کن، مملکتو رها کن"، "نە غزە نە لوبنان، جانم فدای ایران"، "توپ، تانک، فشفشە، آخوند باید گم بشە"یان وتووەتەوە.

هێزە ئەمنییەتییەکان و هێزەکانی تایبەتی ڕێژیم بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکە و بڵاوەپێکردنی خەڵک سەرەتا خەڵکیان گەمارۆ داوە و دواتر گازی فرمێسکڕێژیان بەکار هێناوە.

لەو خۆپیشاندانەدا دەستبەجێ ڕێژیم لە ترسی بەرفراوانتربوونەوەی خۆپیشاندانەکان هێزەکانی خۆی لە شار و پارێزگاکانی وەک: "خووزستان، شیراز، ئیسفەهان، مەشهەد، بەندەر گەناوە، تاران و تەورێز" هێناوەتە سەر شەقام و کەوتووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هاوکات ماڵپەڕی "نێت بلاکز" بڵاوی کردووەتەوە، لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندان لە "بێهبەهان" ئینتێرنێت لە پارێزگای خووزستاندا لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو بووە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران لە کوردستانیش لە شاری سنە لە ترسی خۆپیشاندان، خێرایی ئینتێرنێتی هێناوەتە خوارەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ناوەندی پەیوەندییە گشتی و بانگەشەییەکانی "سپای ئیمام ڕەزای خوراسان" باسی لە دەسبەسەرکردنی کەسانێک لەژیر ناوی "هاندەرانی بشێوی لە مەشهەد" کردووە.

هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم لە ڕاگەیەندراوی خۆیدا بە جەختکردنەوە لەسەر" هەڵسوکەوتی لێبڕاوانە لەگەڵ جموجۆڵەکان" هۆشداریی بە خەڵک داوە کە لە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەک کە ببێتە بیانوو بۆ "هاندانی دژبەرانی ڕێژیم" خۆیان ببوێرن.

ڕێژیمی ئێران ڕەوایەتیی لەلای نەتەوەکانی ئێران نییە و لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوودا خۆپیشاندانگەلێک دژ به ڕێژیمی ئێران لەلایەن خەڵکەوە ئەنجام دراوە کە لە مێژووی ٤٠ ساڵەی ئەو ڕێژیمەدا بێوێنە بووە.