کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە سنە هێزی بەناو ئینتزامیی ئامادەی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان کردووە

11:19 - 22 سەرماوەز 2721

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا"، دوای بانگهێشتی سێنفیی مامۆستایان بۆ مانگرتنی سەرتاسەری، هێزی بەناو ئینتزامیی ڕێژیم لە شاری سنە سەدان ماشین و کەرەستەی نیزامیی ئامادەی سەرکوتکردنی هاووڵاتییان و مامۆستایان کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک بە ڕێژیم کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بێت، وتوویەتی: "ڕێژیم بەهۆی مانگرتنی مامۆستایان ترسێکی زۆری لێ نیشتووە کە ئەو مانگرتنە ببێتە هۆی یەکگرتوویی هاووڵاتییان و بێنە سەر شەقامەکان، بەو هۆیەوە هێزێکی زۆری ئامادەی سەرکوتکردنی خەڵک کردووە".

هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بۆ ئەوەیکە نەناسرێنەوە بە لیباسی شەخسی لە شوێنە جیاجیاکانی شاردا بڵاو بوونەتەوە".

هەر لەو پەیوەندییەدا بەر لە دەستپێکی مانگرتنی مامۆستایان هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سپا و ئیدارەی ئیتلاعات بەشێک لە مامۆستایانیان لە چەند شاری کوردستان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبوون کە ئەگەر لە مانگرتندا بەشداری بکەن دەسبەسەر و زیندانییان دەکەن و لەسەر کار دەریاندەکەن.