سەرۆکی ئاژانسی تەناهیی ئامریکا نووسیویەتی: "ڕێژیمی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هێرشی سیخووڕی دەکاتە سەر ناوەندە دەوڵەتی و پیشەییەکانی ئامریکا".
ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان، ژەنەڕاڵ "پاڵ میکی ناکاسۆنی" سەرۆکی ئاژانسی تەناهیی ئامریکا و سەرۆکی فەرماندەیی سایبێریی ئامریکا نووسیویەتی: "ئێران بە هێرش کردنە سەر ناوەندە دەوڵەتی و بەشە پیشەییەکانی ئامریکا، چالاکیی سیخووڕیی خۆی پەرە پێ دەدات".
ژەنەڕاڵ "پاڵ میکی" لەو نووسینەی خۆیدا وێڕای پشتیوانی لە سیاسەتێکی چالاکانە لەو بوارەدا نووسیویەتی: "دەست لەسەر دەست دانان و نیشان نەدانی دژکردەوە لە بەرامبەر هێرشەکاندا خۆی مەترسییەکە زیاتر دەکات، ئەگەر وابێت چیتر ناتوانین سیخووڕیی چین، ترس و تۆقاندنی ڕووسیە، هەڕەشەی ئێران، دزیی کۆرەی باکوور و پڕوپاگەندەی تێرۆریستەکان وڵام بدەینەوە.
هەروەها ئەو بەرپرسە نیزامییەی ئامریکا لە درێژەدا نووسیویەتی: "بە هەر هێرشێکی سایبێری کە بکرێتە سەرمان وڵامی توند دەدەینەوە".
پێشتریش "ویڵیام ئۆوانینا" سەرۆکی ناوەندی دژە زانیاری و تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا ڕایگەیاندبوو: "چالاکییەکانی چین، ڕووسیە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی شوێندانەری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئامریکا لە ساڵی ٢٠٢٠ و لاوازکردنی ناوەندە دێموکراتیکەکانی ئەو وڵاتە هەروا بەردەوامە".