کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەوڵدایە ناوچەی شیعەنشین لە سنووری نێوان سووریە و ئیسرائیل دروست بکات

11:34 - 25 رێبەندان 2721

سەرچاوە ئیسرائیلییەکان بڵاویان کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران لە ساڵەکانی ڕابردوودا بە کەڵکوەرگرتن لە بێ توانایی ماڵیی شارۆمەندانی سووریە و کۆچکردنی ئەوان، سەدان هێکتار زەویی لە ناوچەی ''دەرعا، سەعسەع و قەنیرە'' کڕیوە و لە هەوڵدایە ناوچەیەکی شیعەنشین لە نزیک سنووری ئیسرائیل دروست بکات.

بەپێی سەرچاوەکان دوو گوندی ''قرفا و سەعس'' لەو شوێنانەن کە ئەو کەسە شیعەمەزهەبانەی کە لە  ئێران، لوبنان، ئەفغانستان و عێراق چوونەتە سووریە و سەر بە گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانن، لەوێ دەژین.

بەپێی ئەو زانیارییانە، ساڵی ڕابردوو لقی قودسی سپای پاسداران چەندین بنەماڵەی خەڵکی سووریەی کە لە ناوچەی سنووریی نێوان سووریە و ئیسرائیل ژیان دەکەن ناچار کرد کە بە وەرگرتنی ٢٠ دۆلار لە مانگدا کەرەستەی تەقینەوە بە مەبەستی کردنە ئامانجی سەربازانی ئیسرائیلی لە سنووری ئەو وڵاتە جێسازی بکەن.

ئیسرائیل دەیان جار سەبارەت بەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێران هۆشداریی داوە و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر بنکەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە.