کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە هەڵاوساندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێنا

11:43 - 7 جۆزەردان 2720

بەپێی ڕاپۆرتی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە نێوان ١٩٦ وڵاتی جیهاندا لە بواری هەڵاوساندا پلەی پێنجەمی بەدەست هێنا.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا ٤١.١ لەسەدە کە ئەو هەڵاوسانە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا بێ وێنەیە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدوای خۆیدا دێنێت.

هاوکات هەڵاوسان دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر لە ئێراندا.

هەڵاوسان و گرانی، بازاڕی بە دەستەوە گرتووە هەڵکشانی نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا و بە تایبەت کوردستان، سنووری گرانی تێپەڕ کردووە و ڕێژیمیش دروشمی کۆنتڕۆڵی بازاڕ دەدات.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە وەک دەڵێن لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.