کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی تۆڕێکی نەهێنی لە دەرەوەی ئیران، سەدان میلیارد دۆلار پارەی ڕاگواستووە

11:22 - 28 رەشەمه 2721

ڕۆژی هەینی ڕۆژنامەی "وال ستریت ژۆرناڵـ"ـی ئامریکایی بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی، تۆڕێکی سپیکردنەوەی پارەی نەهێنی لە دەرەوەی ئێران دامەزراندووە.

لەو تۆڕەدا چەندین میلیارد دۆلار پارەیان جێگۆڕکێ پێ کردووە کە بەپێی گەمارۆکانی ئامریکا ئەو بڕەپارەیە نایاسایی دێتە ئەژمار.

بەرپرسێکی ڕۆژاوایی لە وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەیە وتوویەتی، لە ڕابردوودا هەتا ئێستا وەها عەمەلیاتێکی بەربڵاوی سپیکردنەوەی پارە لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە ئەنجام نەدراوە.

"وال ستریت ژۆرناڵ" لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە، بەپێی هەندێک بەڵگەی وەدستهاتوو سەدان میلیارد دۆلار پارە لەنێوان ٦١ هەژماری بانکیی سەر بە ڕێژیمی "تاران"، لە ٢٨ بانکی وڵاتانی چین، هۆنگ کۆنگ، تورکیە، ئیمارات و سەنگاپوور ڕاگواستراون.

ئەو تۆڕە نەهێنییەی ڕێژیم پێکهاتووە لە کۆمەڵێک هەژماری بانکیی بیانی، چەندین شیرکەت لە دەرەوەی ئێران کە پارێزەریان هەیە و سەر بە ئەو ڕێژیمەن، هەروەها چەند دامەزراوەی ماڵی لە نێوخۆی ئێران بۆ ڕێپێدانی دراوی بیانی.  

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی گرووپی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوە دژی سپیکردنەوەی پارە "FETF"، کە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠ بڵاو بووەتەوە، ڕێژیمی ئێران لە لیستەی ڕەشی ئەو ڕێکخراوەیەدایە.