کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مووشەکی بالستیکی لە عێراقدا جێگیر کردووە

12:09 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، مووشەکی بالستیکی لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و  بەتایبەت لە وڵاتی عێراق، جێگیر کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی "ئیندەیپێندێتی (INDEPENDENT)ـ بریتانیا، ناتان تەک، وتەبێژی ناوچەیی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاند، ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە هەست بە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندی خۆی دەکات ناوی ناوچەی مەترسیدارەکانی لەسەر ناون، بەتایبەتی لە چەند ناوچەیەکی وڵاتی عێراق، مووشەکی بالستیکی جێگیر کردووە.

ناتان تەک، وێڕای ئاماژەدان بەوەی که ڕێژیمی ئێران بەو کردارەی ژیان و گیانی هاووڵاتییانی مەدەنی و بێتاوان دەخاتە مەترسییەوە، وتی: "ئەمڕۆ ڕێژیمی ئێران زۆرترین مووشەکی بالستیکی لە ناوچەکەدا هەیە و بڕێک لەو مووشەکانەی لەو ناوچانەی کە خۆی ناوچەگەلی مەترسیداریان پێ دەڵێت، گواستووەتەوە، هێندێ لەو مووشەکانە لە وڵاتی عێراقن و ئەو کردەوەی ڕێژیمی ئێران لەگەڵ ڕێککەوتننامەی ژمارە ۲۲۳۱ی شۆرای ئاسایشی نێونەتەوەیی ناتەبایە و به پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتی عێراق ئەژمار دەکرێت".

ناوبراو لە درێژی باسەکەی ئاماژەی بەوەش کرد، کە مایک پۆمپێئۆ، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، پێشتر جەختی لەسەر ئەوە کردبوو، کە حکوومەت و بەرپرسانی دوڵەتی عێراق دەبێت چارەنووسی ئەو وڵاتە دیاری بکەن، نەک کاربەدەستانی تاران، وتیشی: "ئامریکا ئەگەر ئەو ۱۲ مەرجەی کە بۆ ڕێژیمی ئێرانی دیاری کردووە، لە ڕێگای مایک پۆمپێئۆوە بە کردەوە جێبەجێ بکرێت، ئامادە لاپەڕەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران بکاتەوە".

ئەو وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە بەشێکی تری قسەکانیدا ڕایگەیاندووە: ئێمە دەبێت گوشار و بەربەستگەلێکی ئاستەمتر و دژوارتر بۆ پێشگرتن بە بەرنامەی مووشەکی ڕێژیمی ئێڕان بخەینە سەر ئەو ڕێژیمه، بۆیە لەم پەیوەندییەدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە هەموو ناوچەکانی ناوچەکە و جیهاندا، ڕووبەڕووی چالاکییە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەبێتەوە. هەروەها واشنگتۆن بە کردەوەییکردنی گەمارۆوەکان و گوشارەکانی سەر ڕێژیم، هەتاکوو ئاڵوگۆڕ لە کردەوە و ڕەفتارەکانی ئەو ڕێژیمە، درێژەیان پێ دەدات.

ڕێژیمی ئاژاوەگێڕی ئیسلامیی ئێران، وەکوو سیاسەتی ئاژاوەگێڕانە و ترسنۆکانەی هەمیشەییی خۆی، جێگیرکردنی مووشەکی بالستیکی لە ناوچەکە و بەتایبەت لە وڵاتی عێراقدا ڕەت کردووەتەوە.