کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران مەحکووم بە نەمانە

14:27 - 25 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمێک کە بەردەوام بۆ مانەوە لە سەر دەسەڵات، لە جیاتی چاکسازیی لە بواری سیاسی، ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، هەوڵی تۆقاندنی خەڵکی داوە، مەحکووم بە نەمانە.

لە بەرەبەیانی ڕۆژی ١٧ی خەرمانان، ڕێژیمی ئاخوندیی ئێران، لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، سێ لاوی کورد کە لە داداگاییەکی نادادپەروەرانە بە ئێعدام مەحکووم کرابوون، لە سێدارە دران و هاوکات لە هەمان ڕۆژدا بنکەکانی حیزبی دێموکراتیش لە شاری کۆیە، لە لایەن سپای پاسدارانەوە بۆردمان کران، کە لە ئاکامی ئەو مووشەکبارانە ١٥ تێکۆشەری دێموکرات شەهید کران و نزیک بە ٤٠ کەسی لە ژن و منداڵی سڤیلیش بریندار بوون.

دوو کردەوەی دژە مرۆیی لەم چەشنە، پاش هەڕەشەکانی بەرپرسان و فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ئەو ڕێژیمە جێبەجێ کرا، کە نزیک بە دوو ـ سێ ساڵە دەکرێتە سەر چالاکانی مەدەنی و سیاسی نێوخۆی وڵات و هەروەها حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور و بەتایبەت حیزبی دێموکرات.

ئەگەرچی فەرماندە و بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی پاسداران ئەم هێرشە وەکوو دەسکەوتێکی نیزامیی ناوی لێ دەبەن و بە شانازییەوە باسی دەکەن و بە باوەڕی خۆیان بەم کارە ویستوویانە پەیامێک بە زلهێزەکانی جیهان بدەن و پیشانیان بدەن، کە چەکەکانیان چەندە ڕاست و دروست ئامانجەکان دەپێکێت، بەڵام ئەگەر بە وردی دۆخی ئەو ڕێژیمە سەیر بکرێت و لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بابەتەکە بخوێنرێتەوە، یەک شت دەردەکەوێت، ئەویش دۆڕان و شکستی ئەو ڕێژیمەیە لە هەموو ڕەهەندەکانییەوە.

ئێعدام و هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران، وەبیرهێنەرەوەی واژۆکردنی ئاگربەس و کۆتاییی شەڕی ئێران و عێراق لە گەلاوێژی ١٣٦٧ی هەتاوی و شکست و دۆڕان ئەو ڕێژیمە لەو شەڕە ماڵوێرانکەرە و  خواردنەوەی جامی ژار لە لایەن خومەینییە، کە ئەم ڕێژیمە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم دۆڕانە لە هەمان ساڵ لەسێدارەدان و کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی دەست پێ کرد و بە شێوەیەکی بەربڵاو زیندانییانی سیاسی کردە قوربانی ڕۆحی سەرکەش و دۆڕاو خۆی، کە جیا لەمە هەزاران لاوی ئێرانی لە پێناو خەونی گرتنی کەربەلا و قودس قوربانی کران .

لەسەر دەسەڵات مانەوەی ئەم ڕێژیمە جیا لە شێوازە جۆراوجۆرەکانی سەرکوتی خودی ئەم ڕێژیمە، بۆ ستراتیژیی و سیاسەتی هەڵەی وڵاتی ئامریکا لە سێ قۆناغی سەرکۆماریی بیل کلینتۆن، جۆرج بووشی کوڕ و ئۆباما دەگەڕێتەوە، کە بەبێ  ئاگاداریی لە پێکهاتە ئەم ڕێژیمە و مەترسییەکانی ئەم ئیدئۆلۆژییە مەترسیدارە بۆ سەر خەڵکی ئێران و تەنانەت خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش، بە هەڵە لەسەر پتانسیلی گۆڕان و چاکسازیی بنەڕەتیی وەها پێکهاتەیەکی دواکەوتوو سەرمایەیان دانابوو، کە لە ناخی ئەو ڕێژیمە بەدی نەدەکرا.  سەرکۆمارەکانی ئامریکا کە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە بوون، نەک بەرژەوەندیی گەلانی ئەو ناوچەیە، وەها بیرۆکەیەکییان لە لا دروست ببوو، کە بە سەرمایەدانان بۆ گۆڕان لە پێکهاتەی ڕێژیمی ئێران دەتوانن ئەو بەرژەوەندییانەیان دەستەبەر بکەن و مەترسیی تێرۆریزم و ئیسلامی بونیاتگەرایی لە ناوچەکە کونتڕۆڵ بکەن؛ بە هۆی ئەم قایمکاریی (محافظەکاری) سیاسەتوانانی ئامریکا و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانیان، ڕێژیم توانی لەو وڵاتە و هەروەها وڵاتانی ئورووپایی لابیگەرییەکی بەربڵاو بۆ ڕەوتی ڕێفورمخوازان بخاتە ڕێ و وا پیشان بدات، کە جیا لەم ڕەوتە هیچ دەنگێکی ناڕازی و ڕەوت و دژبەرێکی دیکە لە ئێراندا بوونیان نییە. 

بێهیوایی ئەم ڕێژیمە، پاش هاتنە سەرکاری دانڵد ترامپ و  بەکردەییکردنی بانگەشەکانی لەسەر لاوازبوونی  ڕێککەوتنامەی بەرجام لە ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ و کشانەوەی یەکجارەکی لە بەرجام و وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکانی بۆ سەر ڕێژیم خۆی نیشان دا و سیاسەتی و هەڵوێستی ئامریکای لەمەڕ ڕێژیمی ئێرانی بردە قۆناغێکی نوێیەوە کە ئەگەری ڕووخانی و داڕمانی پێکهاتە و سیستمی ڕێژیمی لێ وێنا دەکرێت.

ئەگەر ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە تەنیا هیوای و ئومیدی ڕووسیە و وڵاتی چین بووە، لە سەفەری وەزریری وزەی ئامریکا و دیداری لەگەڵ وەزیری وزەی ڕووسیە و بەڵێندانی ڕووسیە لە پێوەندی لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوتی ئێران، پاش توندترکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە مانگی گەڵاڕێزانی ئەمساڵ بۆ سەر کەرتی نەوتی ئێران ئەو هیوایەی ڕێژیمیشی کردە بڵقی سەر ئاو، ئێستە تەنیا وڵاتی کەڕێژیمی ئێران لە بواری نەوتدا پشتی پێ بەستووە وڵاتی چینە، کە ئێران وەکوو بازاڕێکی بازرگانەکانی چینی لێ هاتووە و ئەو وڵاتە لە کۆتاییدا و پاش دۆشینی تەواوەتی ئێران و بێکەڵکبوونی دەکشێتەوە و ئێرانێک بە ئابوورییەکی داڕماو و پەرواێزکەتوو دەمێنێتەوە کە کۆتایییەکەی ڕووخان و نەمانە.        

ئا: جەماڵ فەتحی