کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران ناوڕۆکی کتێبە دەرسییەکان دەگۆڕێت

11:17 - 15 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پەرەپێدان بە ئیدئۆلۆژییەکانی خۆی ناوڕۆکی کتێبە دەرسییەکانی زیاتر گۆڕیوە و ناوی ژمارەیەک لە نووسەران و شاعیرانی سڕیوەتەوە.

کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئێران، بە سڕینەوەی ناوی کۆمەڵێک نووسەر، شاعیر و فیلسووف، بەشێکی بەرچاو لە ناوڕۆکی کتێبە دەرسییەکانیان گۆڕیوە.

شارەزایانی بواری پەروەردە لەو بڕوایەدان کە ڕێژیم بەم کارە، ئیدئۆلۆژیکی خۆی لە کتێبەکاندا زەقتر کردووەتەوە. هەروەها لەم هەوڵەیاندا، دەیانەوێت ئەدەبیاتی بەناو "موقاومەت" لە مێشکی منداڵاندا بچەسپێنن.

لە ئەدەبیاتی "موقاومەتـ"ـدا، ڕێژیم لە کەسایەتیی وەک پاسداری تێرۆریست "مۆحسین حوجەجی و قاسم سلێمانی" و هەروەها کوژراوەکانی شەڕی سووریە، کەڵکی وەرگرتووە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەپێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو، لە قوتابخانەکان وەک شوێنێک بۆ پەرەپێدانی ئیدئۆلۆژیی خۆی کەڵک وەردەگرێت، نەک وەک شوێنێک بۆ خزمەت بە زانست و پێشکەوتن.