کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران نیگەرانیی خۆی بۆ کوشتاری خەڵکی "نیجێرییە" دەردەبڕێت

16:38 - 8 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە بۆ خۆی دەستێکی باڵای لە کوژرانی خەڵک و نکۆڵی کردن لێیاندا هەیە، نیگەرانی بۆ کوشتاری خەڵکی نیجێرییە دەردەبڕێت.

ڕۆژنامەی "کەیهانـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک لە لاپەڕەی یەکەمی ئەو ڕۆژنامەیەدا، بەرانبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە خۆپیشاندەرانی نیجێرییە نیگەرانیی دەربڕیوە.

ڕۆژنامە و هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا کە لە خودی ئێراندا ڕێژیم خەریکی کوشتار و ژینۆسایدی خەڵکی ناڕازی بە دەسەڵاتە، پشتیوانی لە خەڵکی نیجێرییە دەردەبڕێت.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە تا ئێستاش پاش خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران و کوردستان لە مانگی خەزەڵوەردا و کوشتن و دەستبەسەرکردنی خەڵکێکی زۆر، ڕێژیم ئاماری ڕاستەقینەی تاوانەکانی خۆی بە شاراوەیی هێشتووەتەوە.

ڕێژیم لە حاڵێکدا خۆپیشاندەرانی نیجێرییەیی بە "شەهید" ناو لێ دەبات کە تۆمەتگەلی وەک "ئەشرار، موعانەد و دژە شۆڕشیان" دەدایە پاڵ خەڵکێکەوە کە ناڕەزایەتییان بەرانبەر بە دەسەڵاتی سەرەڕۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەردەبڕی.