کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران نەوت بە چای و کاڵای خراپی سریلانکا و چین دەگۆڕێتەوە

10:50 - 13 بەفرانبار 2721

"مەسعوود دانیشمەند" ئەندامی ژووری بازرگانیی ڕێژیم ڕەخنەی لە سیاسەتی کاربەدەستانی ئێران لەهەمبەر گۆڕینەوەی "نەوت لەگەڵ کاڵا" گرتووە و وتوویەتی، "بەپێی ئەو سیاسەتە چینییەکان هەرچی کاڵای خراپ و بەکارنەهاتوویه لەهەمبەر نەوتدا بە ئێمەیان دا و بەو هۆیەوە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا  خەسارێکی زۆرمان بەر کەوتووە کە کاریگەرییەکەی بۆ ساڵانی داهاتووش دەمێنێتەوە".

ناوبراو وتوویەتی "ئەو هەمووە کێشە و گرفتەی کە لە ئێستادا بۆ ئێمە دروست بووە دەگەڕێتەوە بۆ هەمان سیاسەتی گۆڕینەوەی کاڵای بە بێمەرج".

ناوبراو لە درێژەدا وتوویەتی، تەنیا وڵاتی چین نییە کە لەهەمبەر نەوتدا کاڵامان پێ دەدات، بەڵکوو وڵاتانی "هیند و ئەندونێزیـ"ـش چاویان لە نەوتی ئەرزانی ئێمە و لەم دواییەشدا سریلانکا ڕایگەیاندووە ئامادەیە بە جێگای پارەی نەوت چای دەرەجە دوو و سێمان پێ بدەدات کە لە بازاڕەجیهانییەکاندا کڕیاری نییە، بەڵام ئێمە ناچارین بیکڕین.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ماوەیەک لەمەوپێش ڕایانگەیاندبوو گۆڕینەوەی "کاڵا لەهەمبەر نەوت" سیاسەتێکی جیددی ئێمەیە و بەو شێوەیە گەمارۆکانی ئامریکا پووچەڵ دەکەینەوە.