کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی ناوکی کەمتر دەکاتەوە

17:33 - 22 رێبەندان 2720

وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی دەرگای پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی نوێی ئامریکا خەریکە دادەخرێت و هەروەها بە هیوان کە هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئاژانسی ناوکی کەمتر بکەنەوە.

"محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئیدعای کردووە کە ئێران بەدوای ئەوەوە بووە کە بە هاتنە سەرکاری دەوڵەتی نوێی ئامریکا نەخشەڕێگایەکی نوێ بگرێتە بەر بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی ئەوان ئەو دەرگایەش بەرەو داخران دەڕوات.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە ئێران بەم زووانە هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کەم دەکاتەوە.

زەریف هەروەها وتوویەتی لە وڵامی پێبەندنەبوونی ئامریکا و ئورووپادا بە بەڵێنییەکانیان لە ڕێککەوتنی بەرجامدا، ئەم هەوڵە وەک هەوڵی بەرانبەر لەلایەن مەجلیسەوە دیاری کراوە و بەپێی ماف بەرنامە ناوکییەکانمان پەرە پێ دەدەین و هاوکارییەکانمان لەگەڵ بەرجام کەم دەکەینەوە.

لە سەرماوەزی ئەمساڵدا مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەیەکی لەژێر ناوی " هەوڵی ستراتێژیک بۆ لابردنی گەمارۆکان و پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێرانـ"ـدا پەسند کرد.

ئەو پەسندکراوەیە پاش پەسندکردنی شۆرای نیگابان و ڕاگەیاندنی لەلایەن سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمەوە بە شێوەی یاسا نووسراوەتەوە.