کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هێز بۆ ئدلب دەنێرێت

12:18 - 23 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، بە مەبەستی دروستکردنی حەمامی خوێن ڕەوانەی شاری ئدلب دەکرێن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، زیاتر لە ٤ هەزار چەکداری ڕێژیمی سووریە و هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران، ڕەوانەی دەوروبەری شاری ئدلب کراون و خۆیان بۆ شەڕ لەو پارێزگایە ئامادە دەکەن.

پارێزگای ئدلب تەنیا پارێزگایەکە کە لە ئێستەدا لە دەست ئەرتەشی ئازادی سووریەیە.

ڕێژیمی سووریە بە هاوکاری و هاوپەیمانیی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران، بۆ هێرشکردنە سەر ئەم پارێزگایە و خستنەوە ژێر کونترۆڵی خۆی خەریکی خۆ ئامادەکردنە.

پێشتر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری ئەوەیان دابوو، کە هێرشکردنە سەر ئدلب و دەستپێکردنی شەڕ لەو پارێزگایە دەبێتە هۆی ڕێخستنی حەمامی خوێنی و گەورەترین کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.

ڕێژیمی ئێران لە ڕاستای سیاسەتەکانی لە پشتیوانیی گرووپە تێرۆریستەکان و دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە پێناو بەهێزبوونەوە خۆی و نیشاندانی هێز و تواناکانی دەیەوێت لە شەڕی ئدلبدا بەشداری بکات و بەبێ گوێدان بە هۆشداریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان حەمامێک لە خوێن لەو شارەدا وەڕێ بخات.