کوردستان میدیا: ڕێژیمی سەرەڕۆی ئێران، هەوڵی بەلاڕێدابردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدات.
سەرەڕای ئەوەی کە ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕێژیم، بەتایبەتی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران، هەموو هەوڵ و گوشارەکانیان خستووەتە گەڕ، تاکوو پێش بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستاندا بگرن و بەم بۆنەشەوە بەرپرسی ناوەندە ئەمنییەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکانی ڕێژیم، هەڕەشەیان لە خەڵک کردووە، بەڵام خەڵکی کوردستان خۆڕاگرانە لەسەر بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز هەروا پێداگرن.
پێداگریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز، ڕێژیمی ئێرانی بە چۆکدا هێناوە و بەم هۆیەشەوە ڕێژیم هەوڵ دەدات، کە ئەو ڕێوڕەسمانە بە لاڕێدا ببات و داوایان لە خەڵک کردووە کە دەبێت ئەو ڕێوڕەسمانە بە هێماکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی بە ئاڵای ڕێژیمەوە بەڕێوە بچن.
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕێژیم بە خەڵکی ڕاگەیاندووە، چونکە حیزبە کوردییەکان بانگەوازیان بڵاو کردووەتەوە کە خەڵک بە هەوری، جامانە و هێماکانی نەتەوەی کوردەوە ئەو ڕێوڕەسمانە بەڕێوە ببەن، نابێت ڕێوڕەسمەکان بە هیچکام لەو هێمایانە بەڕێوە بچن و دەبێت بە هێماکانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت ئاڵای ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوە بچن.
وێڕای هەڕەشەکانی ڕێژیم لە خەڵکی کوردستان، خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان بە ئیرادەی نەتەوەیییەوە بەپیریی بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە هاتوون و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕێوڕەسمگەلێکی بەشکۆ و ڕازاوە بەڕێوە چوون و لە زۆربەی ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵات ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئەو بۆنە پیرۆزە کراوە، کە لە ڕۆژانی داهاتوودا بەڕێوە دەچن.
لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا، خەڵکی ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، بە یەکڕیزییەکی نەتەوەیییەوە بەپیریی نوێبوونەوەی سەری ساڵ چوونە و ئەمەش بێدەسەڵاتی و تووڕەیی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە و بە هەموو شێوەیەک هەوڵ بۆ پێشگرتن یان بەلاڕێدابردنی ئەو ڕێوڕەسمانە دەدات.