کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەوڵ بۆ لەنێوبردنی "عەلی دایی" دەدات

12:17 - 3 خەرمانان 2721

ڕۆژنامەی "شەرق" لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی "عەلی دایی" کە یەکێک لە یاریزانە ناسراوەکانی فووتباڵی ئێرانە بڵاوی کردووەتەوە کە ناوبراو قسە و لێدوانەکانی هەمیشە ئامانجدارە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، "دایی" کەسێکە لە بەرنامە تێلێڤیزیۆنییەکاندا ماوەیەک دژی کاربەدەستانی پلەباڵای ڕێژیم قسەی کردووە کە دواتر کێشەی قورسی لێ کەوتووتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەتا کەسانێکی وەک ئێستا لەسەر کار بن، "عەلی دایی" وەک هەمیشە لە جێگای خۆی دەمێنێتەوە.

"عەلی دایی" مانگی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاوی لە وتووێژێکدا باسی لەوە کردبوو: "کەسێکی وەک مستەفا مودەبیر کە بەڕێوبەری گشتیی یانەی سایپایە بۆ من بوونی نییە و من کەسێک دەناسم ناوی سەردار غەفوور دەرجزییە".

"غەفوور دەرجزی" یەکێک لەو کەسانە بووە کە دەستی لە تێرۆری دوکتور "قاسملوو"دا هەبووە. لە دادگای میکۆنووسیشدا ناوی "دەرجزی" دیسانەوە وەک یەکێک لە بکەرانی ئەو تێرۆرە هاتووە.

لە کتێبی "سیستمی جینایەتکار" لە نووسینی "ئەبوولقاسم میسباحی" باس لە "غەفوور دەرجزی" کراوە کە ناوبراو دەستی لە تێرۆرەکانی "میکۆنووس و بێرلینـ"ـدا هەبووە.