کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیەکی دیکە دەکات

16:37 - 19 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوای هێرشی مووشەکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، هەڕەشەی بەردەوامیی تۆڵەسەندەوە دەکات.

کاربەدەستانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسداران لەبارەی بەردەوامیی هێرشی مووشەکی بۆ سەر پایگاکانی ئامریکا وتوویانە، ئێمە تۆڵەی توند دەکەینەوە.

"عەلی فەدەوی"، جێگری فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی، هێرشی ئێمە بۆ سەر بنکەکانی ئامریکا تەنیا دەرخستنی توانا نیزامییەکانی ئێمە بووه.

"حاجی زاده"، فەرماندەی هەوافەزای سپای پاسدارانی ڕێژیم وتوویەتی، ئێمە خۆمان بۆ هێرشی دیکە ئامادە دەکەین.

"خامنەیی"، ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، ئەو هێرشەی ئێمە تەنیا "زلـلەیەک" بووە و "تۆڵە" هەر ماوە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی هێرشی مووشەکیی دیکە بۆ بنکەکانی ئامریکا لە ناوچە و هەروەها وڵاتی ئیسرائیل دەکات، بەڵام وڵاتانی ئورووپایی و ناوچەکە هۆشدارییان به تاران داوە کە واز لە توندوتیژی بێنێت.

ڕێژیمی ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئامریکا لە ناوچەکە بچێتە دەرەوە، بەڵام ئامریکا لە هەوڵی بەهێزکردنی پێگەکانی خۆی لە ناوچەکەدایە.

بەرپرسانی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی وڵاتانی عەرەبی، کشانەوەی ئامریکا لە ناوچەکە بە مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئەمنییەتی ناوچەکە لە قەڵەم دەدەن.