کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی سەرکوتی خۆپیشاندانەکانی داهاتوو دەکات

14:16 - 24 بانەمەڕ 2720

فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیم باسی لە ئەگەری سەرهەڵدانی خۆپیشاندان لە ئەمساڵدا کردووە و وتوویەتی کە بەرەوڕووی ئەو هەڕەشانە دەبنەوە و بە تەواوی تواناوە ئامادەی سەرکوتن.

"حەسەن کەرەمی"، فەرماندەی یەگانی تایبەتی هێزە ئینتیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، وتوویەتی کە ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیگەلێک، چەشنی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ لە ئارادایە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی، بە پشتیوانیگەلێک کە کراوە خۆمانمان بۆ سەرکوتی بەربڵاوی ئەو چەشنە خۆپیشاندانانە ئامادە کردووە و لە لانیزۆری کەرەستە و هێزمان کەڵک وەردەگرین.

هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم ڕۆڵێکی گرینگی لە سەرکوتی خۆپیشاندانە بەربڵاوەکانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا بووە و بە ئاشکرا لە هەر کردەوەیەکی نامەدەنییانە بەرانبەر بە خواستی خەڵکی مەدەنی کەڵک وەردەگرێت.

یەگانی تایبەت پێکهاتوو لە یەگانە ئامادەکراوەکانی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم، لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا دامەزراوە و لە بنەڕەتدا پۆلیسی دژەشۆڕشی ڕێژیمە و کونترۆڵی کۆبوونەوەکان و سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و کۆبوونەوەکانی دژ بە ڕێژیم لە ئەرکە سەرەکییەکانیەتی.

هێزی ئینتزامیی ڕێژیم بە ئاشکرا باس لە سەرکوتی خەڵکی ناڕازیی ئێران دەکات و لە ئەوپەڕی هێزی بۆ سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکان کەڵک وەردەگرێت.