ڕێژیمی ئێران بەرانبەر بە حوکمی دادگای بەحرەین لەسەر بانکی "ئەلموستەقبەل" کاردانەوەی نیشان دا و هەڕەشەی لەو وڵاتە کرد.
ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خاکەلێوە، "محەممەد جەماڵ سوڵتان"، سەردۆزگەری گشتیی وڵاتی بەحرەین، ڕایگەیاند، دادگای باڵای سزادانی ئەو وڵاتە حوکمی خۆی لە ٥ دۆسیەی "سپیکردنەوەی پارە"دا دەرکرد.
بە وتەی ناوبراو، لەو دۆسییەیەدا ٣ بەرپرسی بانکی "ئەلموستەقبەل" و ٣ بانکی ئێرانی تۆمەتبارن.
دۆزگەری گشتیی بەحرەین وتوویەتی، چالاکییەکانی ئەو کەسانە لەگەڵ یاساکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پارە و دابینکردنی ماڵیی تێرۆریزم و گەمارۆوە نێونەتەوەییەکان ناتەبایی هەیە.
لە بەرانبەر ئەو حوکمەدا، "عەباس مووسەوی" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خاکەلێوە، ئەو بڕیارەی دادگای باڵای سزادانی بەحرەینی "هەوڵی سیاسی و نایاسایی دەوڵەتی بەحرەین" و "بڕیارێکی بەبێ بنەمای یاسایی و تەنیا بەڕێوەبەری فەرمان و بڕیارەکانی دەزگا سیاسی و ئەمنییەتییەکانی دەوڵەتی بەحرەین" و "هاوهەنگاوی لەگەڵ گوشاری لانیزۆریی ئامریکا" ناو لێ برد.
ناوبراو هەروەها هەڕەشەی لە وڵاتی بەحرەین کرد کە ئەو بڕیارەی دادگای باڵای سزادانی بەحرەین دەبێتە هۆی "بەرپرسیاربوونی وڵاتی بەحرەین لە بەرانبەر لێکەوتەکانیدا".
بانکی "ئەلموستەقبەل" یان "فیووچێر بانک"، ساڵی ١٣٨٣ی هەتاوی، بە سەرمایەدانانی هاوبەشی بانکی "میللی" و بانکی "سادراتـ"ـی ڕێژیمی ئێران و هەروەها بانکێکی بەحرەینی دەستبەکار بوو.
ئەو بانکە دواتر لەلایەن دادگای بەحرەینەوە بەهۆی "سپیکردنەوەی پارە بۆ ناوەندە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەڕێوەبردنی مامەڵەگەلی پەیوەندیدار بە ناوەندە گەمارۆ لەسەرەکانی ڕێژیمی ئێران" جەریمە کراوە.