کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا و ٣ وڵاتی ئورووپایی داوای گەڕانەوەی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ ئێران دەکەن

12:07 - 29 خەزەڵوەر 2726

وڵاتانی ئەمریکا، بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان داوایان لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کرد کە زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە دامەزراوە و ماددە ئەتۆمییەکانی خۆی بخاتە بەردەست ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان بدات.

ئەم وڵاتانە جەختیان کردەوە کە ئاژانس بە بێ دەستپێڕاگەیشتن و زانیاریی پێویست، ناتوانێت لە چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراو لە ئێراندا دڵنیا بێت و داوای دەستپێڕاگەیشتنی تەواوی ئاژانسیان بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی کرد. ئەم بابەتە لەلایەن یەکیەتیی ئوروپاشەوە جەختی لەسەر کرایەوە.

فەرانسە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بە نوێنەرایەتیی سێ وڵاتەکەی تر، ئەم بەیاننامە هاوبەشەی لە ڤییەن خوێندەوە.

چوار وڵاتەکە پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕۆڵی سەربەخۆ و بێلایەنیی ئاژانس دەربڕی و داوای هاوکاریی خێرایان لە ڕێژیمی تاران کرد. لە دەقی بەیاننامەکەدا ئاماژە بە بڕیارنامەی شۆرای حوکام کرا کە لە ١٨ی خەرمانان پەسەند کرا و بەپێی ئەو بڕیارنامەیە، پرسی پابەندنەبوونی تاران بە بەڵێنە پادمانییەکانەوە ڕادەستی شۆرای ئەمنییەت و کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا. شۆرای حوکام لەو بڕیارنامەیەدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە حاڵەتەکانی پابەندنەبوون چارەسەر بکات و زانیاری و دەستپێڕاگەیشتنی پێویست بۆ ڕاستراستکردنەوەی ئاژانس دابین بکات.

بەوتەی چوار وڵاتەکە، لە کۆبوونەوەی پێشووی شۆرای حوکامی ئاژانسەوە، پێشکەوتنێکی کەم لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکاندا بەدەست هاتووە. ئەوان وتیان ئاژانس هیچ زانیارییەکی دەربارەی دۆخی دامەزراوە و ماددە ئەتۆمییە ڕاگەیەندراوەکانی ئێران پێنەگەیشتووە و دەستی بەو ناوەندانەش ڕاناگات کە داوای پشکنینی کردوون. لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٤ـەوە، تەنها چالاکیی پشکنینی مەیدانیی ئاژانس لە وێستگەی بووشێهردا ئەنجام دراوە. هەروەها چوار وڵاتەکە نیگەرانیی ڕافائێل گرووسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس، سەبارەت بە نەبوونی زانیاری و دەستپێڕاگەیشتن بە چوارەمین دامەزراوەی پیتاندن کە لە ئێسفەهان ڕاگەیەندراوە، بیرخستەوە. گرووسی ٢٧ی خەزەڵوەر وتی ئاژانس هیچ زانیارییەکی لەسەر شوێن و چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیوم نییە.