کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی باڵای بریتانیا: ئۆپەراسیۆنی سایبێریی هێرشبەرانەمان دژی ڕێژیمی ئێران دەست پێکردووە

12:15 - 29 خەزەڵوەر 2726

کاناڵی "سکای‌نیوز" ڕۆژی هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا لە زاری "ڕاب ماگۆوان"، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە سایبێری و تایبەتەکانی ئەرتەشی بریتانیاوە بڵاوی کردەوە کە ئەو وڵاتە خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سایبێریی هێرشبەرانە دژی ڕێژیمی ئێران، ڕووسیە، چین و کۆرەی باکوورە.

ماگۆوان لە وتووێژ لەگەڵ سکای‌نیوزدا، هەڕەشە سایبێرییەکانی دژی بریتانیای بە بەرچاو وەسف کرد و ڕایگەیاند کە ئەم چوار وڵاتە لە بواری سایبێریدا چالاکی دژی بریتانیا ئەنجام دەدەن.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەم وڵاتانە دەبێت بزانن ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سایبێری دژی بریتانیا تێچووی بۆیان دەبێت و هێزی نیشتمانیی سایبێریی ئەم وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم جۆرە هەڕەشانە چالاکی دەکات.

ئەم فەرماندە باڵایەی ئەرتەشی بریتانیا لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دۆخی شەڕی سایبێریی بریتانیا لەگەڵ ئەم وڵاتانە وتی: "ناڵێم کە لە دۆخی شەڕداین، بەڵام لە دۆخی ئاشتیشدا نین. ئێمە لە ناوچەی خۆڵەمێشیدا و لە خوار ئاستی پێکدادانی ڕاستەوخۆداین."

ماگۆوان هەروەها ڕایگەیاند کە هێزی نیشتمانیی سایبێریی بریتانیا توانای دزەکردنە نێو تۆڕە کامپیوتەرییەکانی دوژمنان، ناسینەوەی پێکهاتەکانیان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لە نێوخۆی ئەو تۆڕانەدا هەیە.