سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی ٢٩ی خەزەڵوەر، هاوپەیمانیی بە سەرکردایەتیی عەرەبستان ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە هێرشی مووشەکیی بالستیکی حوسییەکانی تێکشكاندووە کە لە باشووری عەرەبستانەوە کرابوو. هاوکات، عەرەبستان لە هێرشێکی پێچەوانەدا، هێرشی ئاسمانیی کردە سەنعا پایتەختی نایاسایی حوسییەکان.
هێزی بەرگریی شارستانیی عەرەبستان هەروەها هەواڵی خستنەخوارەوەی چەند دڕۆنێکی لە باشووری ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.
ئەم ڕووداوانە کەمتر لە ڕۆژێک پاش ئەوە ڕاگەیەندران کە بەرزترین باڵەخانەی ڕیاز، واتە شوێنی نووسینگەی سەرەکیی سندووقی دارایی نیشتمانیی عەرەبستان، لە هێرشەکەی پێنجشەممەی حوسییەکاندا كرایە ئامانج.
بنکە سەربازییەکان، فڕۆکەخانەکان و ژێرخانی وزە لە باشووری عەرەبستان، لە نزیک سنووری یەمەن، چەندین جار بوونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حوسییەکان.
حوسییەکان پێشتر بانگەشەی هێرشکردنە سەر هێڵی بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوای عەرەبستانی کردبوو. ئەم هێڵی بۆڕییە نەوتی خاو لە کێڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی عەرەبستانی سعوودییەوە دەگەیەنێتە بەندەرەکانی هەناردەکردنی دەریای سوور و دەرفەتی هەناردەکردنی نەوت بەبێ تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز دابین دەکات.
هێرشەکانی نێوان عەرەبستانی سعوودی و حوسییەکان لە مانگی پووشپەڕدا، پاش ماوەیەک لە ئارامیی ڕێژەیی دوای ئاگربەستی ساڵی ٢٠٢٢، دەستی پێکردەوە. لەو کاتەوە حوسییەکان هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر خاکی عەرەبستان توندتر کردووەتەوە و عەرەبستانیش پێگەکانی حوسییەکانی لە یەمەن خستووەتە بەر هێرشی ئاسمانی.