کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر هاووڵاتییەکی خەڵکی هەوشار

12:09 - 29 خەزەڵوەر 2726

ئارمان محەممەدی، کرێکاری لاوی تەمەن ۲۳ ساڵانی خەڵکی شاری تیکاب سەر بە ناوچەی هەوشار، لەلایەن دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە لە یەزد، سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی داسەپاو و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ۲٨ی خەزەڵوەر، ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕایگەیاند کە ئارمان محەممەدی، یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووی خەڵکی شاری تیکابی سەر بە ناوچەی هەوشار، کە پێشتر لە قۆناغی سەرەتاییدا سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەم سزایە لە قۆناغی پێداچوونەوەدا کەم کرایەوە و لەم دواییانەدا لە شاری یەزد خەریکی کرێکاری بوو، لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای یەزدەوە، سزای ۱۰ مانگ بەندکران و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لە یەزد بە سەرۆکایەتیی ناسر دێهقان دێهنەوی، بەهۆی تۆمەتە پەیوەندیدارەکان بە ئامادەبوون لە ناڕەزایەتییەکاندا، سزای ۲ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو کە لە ئاکامی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە بڕیارە دەرکراوەکە، ئەم سزایە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ۱۰ مانگ بەندکران و یەک ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو کەم کراوەتەوە.

ئارمان محەممەدی ڕۆژی سێشەممە ۱۶ی بەفرانباری ١٤٠٤، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباردا دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕاندنی ڕۆژێک ئەشکەنجە لە گرتنگەی ئەمنییەتیدا، بەیانیی ڕۆژی دواتر بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد گوازرابووەوە و هەروەها لە کۆتاییدا دوای تێپەڕاندنی ۲۰ ڕۆژ دەسبەسەرکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، بە دانانی بارمتەی دوو میلیارد تمەنی و لەژێر چاودێریی پێبەندی ئێلیکترۆنیدا بۆ ماوەی دوو مانگ، بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.